لایەنە کوردستانییەکان لەبارەی قەرەتەپە کۆدەبنەوە

07-07-2025
شیراز رەئوف
ناوەندی قەرەتەپە.
ناوەندی قەرەتەپە.
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بەقەزاکردنی قەرەتەپە "ستەمێکی گەورەیە" لە کورد دەکرێت و بەشێکە لە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پێشیوایە ئەگەر عێراق تەنیا یەک ساڵ سەقامگیر بێت ئەوا دەستوور رەتدەکرێتەوە "نینۆکی کوردستان هەڵدەکێشێرێت".
 
شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خانەقین لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە نایاسایی بڕیاری بە قەزابوونی قەرەتەپە و دابڕینی ناحیەکانی کۆکس و جەبارەی لە کفری و بەستنەوەیان بە بەعقووبەی ناوەندی پارێزگای دیالە دەرکردووە."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی پێیوایە "بەقەزاکردنی قەرەتەپە دەستێکی سیاسیی لەپشتە و لەژێر کاریگەریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارەکە دراوە."
 
"کورد رەتیدەکاتەوە"
 
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خانەقین رایگەیاند، بڕیارە سبەی (سێشەممە 8/7/2025) سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لە خانەقین کۆببنەوە بۆ رەتکردنەوەی بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە. 
 
شێرکۆ میروەیش گوتی: "بەڵگەی یاسایی پێویست کۆکراوەتەوە کە نایاساییبوونی بڕیارەکە دەسەلمێنێت و وەکو پرۆژەیەکی کوردستانی لە رووی یاساییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەین."
 
کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکانی خانەقین لەسەر داوای یەکێتییە. شێرکۆ میروەیس دەڵێت: ئێمە نەمانویست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تەنیا رووبەڕووی ئەم پێشێلکارییە ببێتەوە، چونکە پێشێلکارییەکە مەترسییە لەسەر هەموو کوردستان و ئایندەی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەربۆیە بانگێشتی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانمان کردووە بۆ کۆبوونەوە و سبەی بڕیارێکی بەکۆمەڵ دەدەین بۆ رەتکردنەوەی ئەم ستەمەی لە کورد دەکرێت لە ناوچە کوردستانییەکان".
 
ناحیەی قەرەتەپە، ناوچەیەکی کوردستانییە و سەر بە قەزای خانەقینە، وەزیری پلاندانانی عێراق لەسەر داوای ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رەزامەندیی لەسەر بەقەزاکردنی داوە و بڕیارە دوو ناحیەی جەبارە و کۆکس کە لە سنووری مادەی 140ن و لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای کفریی گەرمیانن، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بخرێنە سەر قەزا نوێیەکە. 
 
"مەترسییە گەورەکە"
 
بە گوتەی شێرکۆ میروەیس، مەترسی گۆڕینی دیمۆگرافیا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەوە گەورەترە کە لە بەقەزاکردنی قەرەتەپەدا بچووک بکرێتەوە.
 
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین گوتی: "هەندێک لایەنی سیاسی لە عێراق بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسی زۆر بە ئاسانی دەست بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکان دەبەن و لە هەڵبژاردنەکان وەکو ناوچەی هەژموونی خۆیان بەکاری دەهێنن، بۆ نموونە ئێستا حەمرین تەنیا گەڕەکێکە لە سەعدییە، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هەوڵدەدات بیکاتە ناحیەیەکی سەربەخۆ و لە سەعدیە دایبڕێنێت."
 
ئەو بەرپرسەی یەکێتی هۆشداری دا و گوتی: "ئەو دۆخەی لە پارێزگای دیالە دروست کراوە نموونەیەکە لە دۆخێکی ئاڵۆز و مەترسیدار لە تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پێویستە کورد و نوێنەران و بەرپرسانی کورد لە بەغدا باش لەو مەترسییە ئاگەداربن کە نییەتێکی سیاسی شۆڤێنی لە بەغدا هەیە و ئەگەر تەنیا یەک ساڵ عێراق سەقامگیر ببێت بە دڵنیایی دەستوور کاری پێناکرێت و ئەو بیرە شۆڤێنییە نینۆکەکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەکێشێت"
 
پێشتریش ئەوس مەهداوی، نوێنەری یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە رووداوی گوتبوو: "بڕیاری بەقەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە رەتدەکەینەوە و سیاسییە، دەکەوێتە چوارچێوەی مادەی 140ـی دەستووری عێراق و نابێت دەستکاری بکرێت".  
 
بەگوتەی مەهداوی، ناحیەی قەرەتەپە هێشتا تایبەتمەندیی بەقەزابوونی تێدانییە، ژمارەی دانیشتووانەکەشی لە 400 هەزار تێپەڕ ناکات، تاوەکو بێتە قەزا، بەڵام وەزیری پلاندانان، وەک کارێکی سیاسی ئەوەی کردووە، چونکە ئەوەی ئێستا بەڕێوەبەری ناحیەکەیە لە رووی سیاسییەوە سەر بە ئەوە، ئەو کارەش بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئێڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا

سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا بۆ رووداو: هەنگاریا بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا لەگەڵمان نییە

ئێڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا بێ جێگرەوە نییە بۆ هاوکاریکردنی دارایی ئۆکراینا، بەڵام لە بژاردەکانی دیکە هەنگاریا پشتیوانییان لێ ناکات.