رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی شەوی رابردوودا 14 شەڕڤان لە چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، کاژێر 22:00ی رۆژی 6ـی تشرینی یەکەمی 2023، فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنە جەنگییەکانی سوپای وڵاتەکەی هێرشێکی نوێیان لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و 14 شەڕڤان گیانیان لەدەستدا.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی "ئۆپەراسیۆنی قەڵخانی فورات، چڵە زەیتوون و کانی ئاشتی"، بە چڕی پێگەکانی شەڕڤانانیان تۆپباران کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە بۆردوومان و تۆپبارانەکاندا 15 شوێن کراونەتە ئامانج کە کۆگەی چەک، بنکەی چەکداری و بنکەی هاوکاری لۆجستی شەڕڤانان بوون.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، لە بۆردوومان و تۆپبارانەکاندا خەڵکی سڤیل، لایەنی دۆست، شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکان زیانیان بەرناکەوێت.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا وردەکاری زیاتری نەداوە، بەڵام فەرهاد شامی، بەرپرسی میدیای هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت، سوپای تورکیا زۆر بە چڕی ژمارەیەک شاری بۆردوومان کردووە.
فەرهاد شامی ئاماژە بەوە دەکات، کۆبانێ، عامودێ و دێرک لەلایەن هێزی ئاسمانیی تورکیاوە بە چڕی بۆردوومان کراون.
هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە دەڵێت، ئەوانیش کاردانەوەیان هەیە و رۆژی پێنجشەممە هێرشێکیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە ناوچەی دابق و لە ئەنجامدا پێنج سەرباز کوژراون و 12 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
قەڵخانی فورات زاراوەیەکە تورکیا بەکاری دەهێنێت بۆ ناوچەکانی نزیک باب کە ساڵی 2016 کۆنترۆڵی کردن؛ چڵە زەیتوون بۆ سنووری عەفرین بەکاردێت کە ساڵی 2018 و کانی ئاشتیش بۆ سنووری سەرێ کانی بەکاردێت کە 2019 سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری سووریا کۆنترۆڵیان کردن.
ئەو گەڕە نوێیەی بۆردوومان لە کاتێکدایە، لە رۆژی چوارشەممەوە سوپای تورکیا دەستی بە بۆردوومانکردنی چڕی رۆژئاوای کوردستان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ