رووداو دیجیتاڵ
لە بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنامەنووسی رادیۆی رووداودا، گوتوبێژ لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و ناکۆکییەکانیان لەسەر پرسە نێوخۆییەکان و پۆستەکانی کورد لە بەغدا کران. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، "خۆشحاڵم بە پەیامەکەی یەکێتی بۆ پارتی، پیرۆزباییەکە کورتبێ یان درێژ، کرانەوەیەک و شتێکی باشبوو."
لە بەرنامەکەدا هەریەکە لە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراق؛ سەلام عەبدوڵڵا، رۆژنامەڤان و سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات؛ عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق و ئاکۆ محەممەد، رۆژنامەڤان بەشدارییان کرد.
سەعدی ئەحمەد پیرە: پەیامەکەی یەکێتی بۆ پارتی بەو درێژییە نییە کە ئێمە چاوەڕێی بووین
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گوتی: خۆشحاڵم بە پەیامەکەی یەکێتی، ئەوە کردنەوەی بێدەنگی و نەبوونی پەیوەندی بوو، پیرۆزباییەکە کورتبێ یان درێژ، کرانەوەیەک و شتێکی باشبوو.
بە گوتەی سەعدی پیرە، "پێشتر لە رووداوی وەکو کۆنگرەی پارتیدا، یەکێتی زووتر و درێژتر هاتووەتە پێش و پەیامی ناردووە، بەڵام ئەمجارە درەنگتر هاتووە و بەو درێژییەش نییە کە ئێمە چاوەڕوانی بووین، بەڵام هات. ئەمە پێویستی بەوەیە کە هەنگاوەکانی دواتر گەرموگوڕتر بن."
سەعدی پیرە دەڵێت: "عادەتەن یەکێتی لە بەکارهێنانی وشە و زۆر نووسین لە پارتی سەخیترە، بەڵام ئەمجارە یەکێتی کەمتر سەخاوەتی بەکارهێنا، ئەمە ئیشی یەکێتی نییە و نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا یەکێتی تووڕەییەکەی لە پارتی بەرینەداوە، بۆیە پێویستە پارتی ئەوە بە جیدی وەربگرێت کە یەکێتی هێشتا لێی تووڕەیە، ئەوەش ئیشی پایە بەرزەکانی ناو پارتییە، کە بە جیدی وەریبگرن و پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە و یەکێتی ئارام بکەنەوە، چونکە ئەم تووڕەییەی ئێستا نە لە قازانجی پارتییە، نە یەکێتی و نە پرۆسەی سیاسی بەردەمیان."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەیشاردەوە کە چاودێریی هەموو کۆنگرەکانی پارتی، چالاکییەکانی و گوتاری بەرپرسەکانی پارتی دەکەن و گوتی: "دەزانین چی دەڵێن و لە گوتارەکانیان مەسەلەی هاوپەیمانێتی ئێمە بۆ حوکمڕانی لە داهاتوو هاتووە، تۆختر و کەمتر تۆخ هاتووە، بڕیارەکانی کە دراون هەموویان روون نین، بەڵام لە کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی نوێی پارتی و نۆژەنکردنەوەی پەیوەندییەکانمان دیاردەبێت کە پەیوەندییەکان بە چ ئاقارێکدا دەڕوات، ئومێدەوارم ئەم ساردوسڕییەی ئێستا بەردەوام نەبێت و کۆتایی بێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەعدی پیرە باسی سەنگی کورد و پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی کرد لەبارەی پۆستەکانی حکومەتی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە پێگەی کورد بە دەنگی وەزیرێکەوە پەیوەست نییە و گوتی: "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پێموانییە بە تەواوی پشت بە دەنگی وەزیر ببەسترێ، ئایا وەزیرێک دەنگ دەدات یان دوو وەزیر، کاک فوئاد حوسێن و خالید شوانی کە ئێستا لە بەغدان، ئەوان دوو کەسایەتیی گرنگن و لەجیاتی میللەتێک دەنگدەدەن، پێموانییە کە لایەنە سیاسییەکانی ناو حکومەت حیساب بۆ ئەوە بکەن کە ئەمە دەنگێکە یان دوو، نەخێر ئەو دەنگە دەنگی چوار - پێنج ملیۆن کەسە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەمەشدا پێویستە دوو وەزارەتەکەی کورد زوو پڕبکرێنەوە و رەنگە کورد بەرکەوتەی لە دوو وەزارەتیش زیاتربێت، چونکە تائێستا شەراکەتی ئێمە وەکو نەتەوەی دووەمە لە عێراق، ناکرێ وابزانی سێ وەزارەتت هەیە، چونکە وەزارەتی ژینگە راستییەکەی وەزارەت نییە و لە وەزارەتی تەندروستی جیاکراوەتەوە بۆ ئەوەی لایەنێکی پێ رازیبکرێت."
گوتیشی، "ئێمە بەشداریکردنمان پێ گرنگە، حەق نییە یەکێتی و پارتی لە کێشەکانی بەغدا خۆیان بکەنە لایەن و کارێک بکەن کە وا نیشان بدرێ کە کێشەی ئەمنی، سیاسی و ئابووری بەغدا هەمووی پەیوەستە بەو دوو وەزارەتەوە کە هی کوردە و پەیوەستە بە پارتی و یەکێتییەوە. پێموایە پارتی و یەکێتی ستەم دەکەن کە ئەوە بهێڵنەوە بۆ ئەوەی ببێتە بیانوو بۆ لایەنە عێراقییەکان."
سەلام عەبدوڵڵا: ئەگەر نەزانی سەدام نەبووبا، دۆخمان لە 1975 خراپتر دەبوو
سەلام عەبدوڵڵا، رۆژنامەڤان و سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات کە ئۆرگانی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کێشەکانی پارتی و یەکێتی لە سەرەتای دروستبوونی یەکێتییەوە هەر زوو سەریان هەڵدا، جا تاوانەکە هی کێیە، بەجێی دێڵین بۆ مێژوونووس و توێژەران. بەبڕوای من عەقڵانی نەبوو کە تۆ لە شاخ بیت و لە ژێر چەپۆکی ئەنفالکار و کیمیابارانکاراندا بیت، خەریکی یەکدی خواردن و شەڕ بیت. هەر بۆیە تاوەکو راپەڕینیش هیچ دەستکەوتێکمان بەدەست نەهێنا.
سەلام عەبدوڵلا گوتی. "ئەگەر نەزانی سەدام نەبووبا، رەنگە دۆخەکە زۆر لە 1975 خراپتر بووبا. بەداخەوە لە 1992بەدواوە دەرکەوت کە هەنگاو بۆ تەبایی نەدەنرا، تاوەکو کار گەیشتە شەڕی نێوخۆیی کە دواتر مام جەلال و کاک مەسعودیش بەریبوونی خۆیان لەو شەڕە راگەیاند، کە رەنگە بەهۆی هەڵەشەیی چەند کادیرێکەوە دروستبووبێت کە دواتر لە ئەنجامدا هەمیشە عەقڵ بڕیاردەربوو."
"دوای وەفاتی مام جەلال، پێشبینیمان دەکرد کە بایی ئەوە میرات بەجێمابێت هەڵەکانی رابردوو دووبارە نەبنەوە"
سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو مام جەلال مابوو، هەر کێشەیەک مەکتەبی سیاسی پێی چارەسەر نەکرابا، خۆی بڕیاری دەدا، تەنانەت ئەگەر بە دڵی مەکتەبی سیاسیش نەبووبا. "دوای وەفاتی مام جەلال، پێشبینیمان دەکرد کە بایی ئەوە میرات بەجێمابێت کە هەڵەکانی رابردوو دووبارە نەبنەوە، بەڵام بەداخەوە هەر زوو بانگەشەی ئەوە کرا کە رێککەوتنی ستراتیژی نەماوە."
"پارتی کارێکی باشیکرد لێنەگەڕا ئەوانەی لەنێو یەکێتی و گۆڕانەوە چوونەتە ناوی دەربچن"
لە ماوەی رابردوودا، ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتی و گۆڕان پەیوەندییان بە ریزەکانی پارتییەوە کرد و بەشێکیان بەشداریان لە کۆنگرەی 14ی پارتیدا کرد، تەنانەت هەندێکیان خۆیان بۆ کۆمیتەی ناوەندی بەربژێر کرد، بەڵام هیچیان دەرنەچوون.
بە بڕوای سەعدی ئەحمەد پیرە، پارتی کارێکی "باشی"کرد کە لێنەگەڕا ئەوانەی لەنێو یەکێتی و گۆڕان چوونەتە ناوی دەربچن و هانی خەڵک نادەن لەو سەنگەر گۆڕينە. "من ئەوە بۆ بەرژەوەندی تاکە کەسێک ناڵێم، بەپێچەوانەوە لەبەر هەستکردنیان بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لێنەگەڕان ئەوانە دەربچن، بۆ ئەوەی نەبێتە نەریت خەڵک لەپێناوی پۆست و پلە خەریکی سەنگەر گۆڕین بێت. ئەو کارەی ئەندامانی کۆنگرەی 14ی پارتی، کارێکی نیشتمانی زۆر باش بوو کە نەیانهێشت ئەوانە دەربچن، هەڵسەنگاندنی من بۆ ئەوان ئەوەیە کە هەڵوێست و نیشتمانپەروەریی بووە نەک کاری بەرژەوەندیی کەسی."
"کێشەی پارتی و یەکێتی، زۆر لە کێشە کلاسیکییەکانی پێشوو دەچێت"
فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراق دەڵێت، پێویستە کێشەی ئەو دوو وەزارەتە چارەسەر بکرێت، لە راستیدا ئەو راجیاییەی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە، "زۆر نادروستە و زیانێکی گەورەی بۆ خۆیان و گەلیش هەیە." دەشڵێت، "کێشەی پارتی و یەکێتی، زۆر لە کێشە کلاسیکییەکانی پێشوو دەچێت کە ئەندامی لایەکیان کەتنێکی دەکرد، دەچووە ناو لایەنەکەی دیکە، لەبەرئەوەی لە شەڕیشدا بوون، ئەو لایەنە دەیخستە ژێر باڵی خۆی و چەکیشی پێدەدا. ئێستاش هەمانشێوەیە، بەڵام لە رووی سیاسیی و هەواڵگرییەوە."
فەرهاد عەلائەدین ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆنگرەی پارتی بینیمان ئەو بەربژێرانەی کە لە حیزبەکانی دیکەوە چووبوونە ناو پارتی، کەسیان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا، چونکە کادیرەکانی دیکەی پارتی خۆیان بە ستەملێکراو دەزانن کە دەنگ بەوانە بدەن کە تازە هاتوونەتە ریزەکانیان و دەیانەوێ دەنگەکانی ئەوان ببەن.
سەعدی پیرە: ئەگەر پارتی سەرۆککۆمار بە پشکی کورد دەزانێت، با زەردێکی کاڵی بەربژێر کردبا
سەعدی پیرە دەڵێ "لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار، پارتی دەیگوت: دەبێ سەرۆککۆمار بۆ کوردبێت. بەڵام ئەوانەی کە پارتی بەربژێری کردبوون کاک هۆشیار و کاک رێبەر بوون، ئاخر ئەم دوو بەڕێزە پارتی ئاساییش نین، یەکێکیان خاڵی کاک مەسعودە و ئەوی دیکەشیان زۆر نزیکیانە. ئەگەر زەردێکی کاڵیشی بەربژێر کردبا هەر دەمگوت وایە. کە دەڵێی پۆستەکە هی کوردە، لانیکەم پارتییەکی کەمێک کاڵتر بەربژێر بکە."
بە بڕوای سەعدی پیرە، ئێستا کورد پێگەی بەهێزترە و دەڵێت، "ئێمە [کورد] ئێستا لە بەغدا پێگەمان زۆر زۆر لە رابردوو گرنگترە، پێشتریش باسمکردووە، لە سەرەتای رزگارکردنی عێراق لە ساڵی 2003، جەنابی مام جەلال و جەنابی کاک مەسعود، بەپەلە لێرەوە رۆیشتن بۆ بەغدا بە ناوی (ترمیم الوحدە العراقی) لەکاتێکدا لە عێراق نە عەسکەر هەبوو، نە هیچ هێزێک کە یەکپارچەیی عێراق بپارێزێت. ئێستا زۆرجار گومان لەوە دەکرێت کە کورد یەکپارچەیی عێراق دەپارێزن یان نا، ئەمە یانی چی؟ لەکاتێکدا عێراق هیچی نەبووە بەرگریی پێ لەخۆی بکات یەکپارچەیی عێراقمان پاراستووە و لەلایەن دوو کەسایەتی زۆر گرنگ کە سەرکردایەتیی گەورەترین هێزی چەکدارییان لە عێراق کردووە، کە لەم وڵاتەدا هیچ شتێک نەبووە".
سەلام عەبدوڵڵا: داروپەردوومان برد بۆ بەغدا بۆ ئەوەی خۆمانی پێ بخنکێنین
سەلام عەبدوڵڵا، رۆژنامەڤان و سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات دەڵێت: "ئێمە خۆمان حکومەتی عێراقمان دروستکرد داروپەردوومان برد بۆ بەغدا بۆ ئەوەی خۆمانی پێ بخنکێنین"، دەبێ ئەو کارەمان هەڵەبووبێت، چونکە ئێمە نیازمان پاک بوو، بەڵام سیاسەت بە نیازپاکی ناکرێ. ئێمە دەستخەڕۆی ئەو بەڵێنانە بووین کە حیزبە شیعییەکان لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆن، شاخ و برسێتیدا پێیان داین. ئەوان وایان نیشاندا کە ئەگەر بچنە سەر دەسەڵات، عێراق دەکەن بەو وڵاتەی کە ئێمە هەموومان خەونمان پێوە دەدی، بەڵام لە راستیدا وا دەرنەچوو. هەر زوو دەرکەوت کە ئەوانە مەبەستێکی دیکەیان هەیە. سەرەڕای هەموو شتێک، زەمینەسازی پرۆسەی دیموکراتی لە عێراق وەکو لەکاتی ئۆپۆزیسیۆن بانگەشەی بۆ دەکرا هیچی وا دەرنەچوو، بەپێچەوانەوە، حیزبە شیعییەکان بەپەلە کەوتنە شیعەگەرایەتی و وردەوردە کەوتنە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستانیش. ئەو بڕیارەی کە درابوو مادەی 140 لە ماوەی دوو ساڵدا جێبەجێ بکرێت، ئەوانەی کە بڕیاربوو جێبەجێی بکەن کە یەکێکیان حەنان فەتلاوی بوو، بە شانازییەوە دەیگوت: ئەوە چوار ساڵە نەمهێشتووە هیچ خاڵێکی مادەی140 جێبەجێ بکرێت.
سەعدی پیرە: پێویست ناکات لەسەر وەزارەت و نیوێک قڕەقڕ بکەین
سەعدی ئەحمەد پیرە هەندێ لە ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی بە پێویست نازانیت و ئاماژە بەوە دەکات، "ئێستا پێویست ناکات لەسەر وەزارەت و نیوێک قڕەقڕ بکەین، نە پێویست دەکات و نە زەرووریشە، پێویستە لەمەدا دابنیشین و رێکبکەوین."
دەشڵێت، "ئێمە ئێستا وەرەقەیەکمان هەیە کە واژۆمان کردووە بە ناوی (هاوپەیمانیی بەڕێوەبردن)، لە دوای چلەی ئیمام حوسێن لەو کۆبوونەوەیەی کە پێیدەگوترێ دیالۆگی نیشتمانی، لەوەدا شاندەکانی پارتی و یەکێتی زۆر بە وردی بەدوای کێشەکاندا رۆیشتن و هەموو کێشە هەڵواسراوەکانیان جێگیرکرد، بەڵام جێگیرکردن بەتەنیا بەس نییە، وەکو ئەوە وایە کە هێزێک گردێک بگرێت، بەڵام گرتن بەس نییە ئەگەر نەیپارێزێت. وا دەستوور جێبەجێ ناکرێت، ئیدی وەرەقەیەک چۆن جێبەجێ دەکرێت ئەگەر بەدوایدا نەچیت؟ ئەگەر بەو شێوەیە لەسەر وەزارەتی ژینگە شەڕ دەکەیت، چۆن دەتوانی ئەوە [وەرەقەکە] بپارێزیت؟"
سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراق: کورد یەکڕیز نییە و بەردەوامە لە پەرتەوازەیی
فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراق دەڵێت، لە رووی سیاسییەوە بەغدا "کش و ماتە"، دوای پێکهێنانی حکومەت، رووداوێکی بەرچاوی سیاسیی رووینەداوە، سەرۆکوەزیران کارنامەیەکی دوورودرێژی ئامادەکردووە و سەرقاڵی جێبەجێکردنیەتی، ئێستا خەریکی ناوماڵ کۆکردنەوە و خۆ ئامادەکردنە.
سەبارەت بە کورد لە بەغدا، فەرهاد عەلائەدین دەڵێت، "کورد نەیتوانی دوو وەزارەت یەکلایی بکاتەوە، لەبەرئەوەشە کە هێشتا هەیکەلی حکومەت تەواو نەبووە، ئێستا کورد یەکڕیز نییە و بەردەوامە لە پەرتەوازەیی. ئێستا کە حکومەت پێکهاتووە، پەرتەوازەیی کورد هیچ کاریگەرییەکی لەسەر حکومەت نابێ، تەنانەت ئەو دوو وەزارەتەش تاوەکو شەش مانگی دیکەش پڕنەکەنەوە، کاریگەریی نابێت و بەشێوەی کاربەڕێکەر پۆستەکان پڕدەکەنەوە. بەڵام ئەوەی کە زەرەرمەندە کوردە، چونکە دوو دەنگی لە ئەنجوومەنی وەزیران کەمدەبێت. ئەو شاندەشی کە بڕیارە لە هەولێرەوە سەردانی بەغدا بکات، لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی لەبارەی بودجە و مووچە کۆدەبنەوە.
سەلام عەبدوڵڵا: بە پەرتەوازەیی بچینە بەغدا، دەستکەوتەکانیشمان پەرتەوازە دەبن
سەلام عەبدوڵڵا دەڵێت، "پارتی هەمیشە جەختی لەسەر تەبایی و یەکڕیزی کردووەتەوە بە تایبەتی لە بەغدا، چونکە ئەوە هاوکێشەیەکی زۆر ناسراوە کە ئێمە بە پەرتەوازەیی بڕۆین بە پەرتەوازەیی مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن و دەستکەوتەکانیشمان پەرتەوازە دەبن."
عادل باخەوان: ئەمریکا بە حەزەرەوە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی سوودانی دەکات
عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق دەڵێت: "راستە ئەم هەفتەیە دۆخی بەغدا ئارامە، بەڵام دوو - سێ رووداوی زۆر گەورە هەبوون کە شایانی ئەوەیە کورد و لایەنەکانی دیکەش ئاگایان لەوە بێت، یەکێک لەوانە هەواڵگرییە، کە ئێستا چاوی دەرەکیش لەسەر ئەو مەلەفەیە بۆ ئەوەی بزانن سوودانی چۆن بەڕێوەی دەبات، چونکە هەواڵگریی عێراق ملیۆنان دۆلاری لەلایەن ئەمریکا و فەرەنساوە لێ خەرجکراوە، مامەلەکردنی سوودانی لەگەڵ هەواڵگریی، سەنگی مەحەکە بۆی. لە هەفتەی رابردوو ئەو مامەڵەیەی کە کردی، دڵنیایی بوو بە ئەمریکا و فەرەنسا و وڵاتان، یەکێک لەوانە ملنەدان بوو بۆ گوشاری لایەنە شیعییەکان کە سەرۆکایەتی هەواڵگریی بداتە لایەنێک، لە ئەنجامدا گەیشتە ئەوەی کە خۆی بە کاتیی سەرۆکایەتیی بکات. هەروەها بەشێوەیەکی زۆر بوێرانە 400 پۆستی لابرد و پڕی کردنەوە، ئەمە دڵنیایی بوو بۆ هەموو لایەک."
بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "خاڵێکی دیکە کە زۆر گرنگە، مۆدێلی هەڵسوکەوتی ئەمریکییە لەگەڵ حکومەتی سوودانی، پێشتر هەمیشە مەکگۆرکی بە دەفتەرێکی سپییەوە دەنارد بۆ عێراق کە نوێنەری ئەمریکا بوون و لەگەڵ هەموو لایەن و سەرکردەیەک دادەنیشت، بەڵام ئێستا لە ماوەی سێ هەفتەدا، باڵیۆزی ئەمریکا سێجار لەگەڵ سوودانی دانیشتووە، ئەمە گۆڕانکارییە. لەلایەکی دیکە تاوەکو ئێستا ئیدارەی ئەمریکا بانگهێشتی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراقی نەکردووە بۆ سەردانی واشنتن، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا بە حەزەرەوە مامەڵە لەگەڵ حکومەتەکەی سوودانی دەکات. لەلایەکی دیکەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا چیدیکە راستەوخۆ دەستوەردان لە عێراقدا ناکات بۆ رێکخستنەوەی دۆسییەکان، بەڵکو ئەو کارە بە باڵیۆزەکەی دەسپێرێت."
بەبڕوای عادل باخەوان، ئەگەر ئەمە وابێت، بۆ کورد "زۆر گرنگە" کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ستراتیژییەتی نوێی ئەمریکا دەکات و دەبێ بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمریکادا دەکەن. "خاڵێکی دیکە کە زۆر گرنگە ئاگامان لێی بێت، مۆدێلی فەرەنسییە. چونکە ئەم مۆدێلە زۆر جیاوازە لەگەڵ مۆدێلە ئەمریکییەکەدا. لەکاتێکدا کە ئەمریکا هەموو مەلەفەکانی عێراق بە باڵیۆزەکەی دەسپێرێت، سەرۆک ماکرۆن خۆی راستەوخۆ نامەی بۆ سەرۆککۆمار و سوودانی نارد، هەروەها نوێنەری تایبەتی خۆی نارد بۆ بەغدا و لەگەڵ سوودانی و لەتیف رەشید کۆبووەوە و سەرۆک ماکرۆن راستەوخۆ سوودانی بانگهێشتکردووە بۆ کۆشکی ئێلیزێ. واتە پێچەوانی کۆشکی سپی، ئێلیزێ دەیەوێ خۆی راستەوخۆ دۆسییەی عێراق رێکبخاتەوە. هەروەها باس لەوەش دەکرێ کە ماکرۆن سەردانی عێراق بکات لە سەردەمی محەممەد شیاع سوودانی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ