بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ئۆپۆزیسیۆنەوە: نییە

07-11-2025
زانیار بەهادین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتی لە وەڵامی پرسی "کوا ئۆپۆزیسیۆن؟" دەڵێت، نییە. ئاماژە بەوەش دەکات، یاسا لە سنووری سلێمانی "سەروەرە و ئیسپاتمان کردووە کەس لەسەرووی یاساوە نییە". 
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوایین کەرنەڤاڵی بانگەشەی حیزبەکەیدا لە سلێمانی رایگەیاند، رکابەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر یەکێتییە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، حیزبەکەیەتی کە دەتوانێت کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات. 
 
سەرۆکی یەکێتی هەڵبژاردنی بە تاقیکردنەوە ناوبرد و رووی لە دەنگدەر و لایەنگرانی حیزبەکەی کرد و گوتی: "یەکێتی دەچێتە نێو ئاگری جەهەننەمەوە بۆ ئێوە". 
 
بافڵ تاڵەبانی لە بەشێکی پەیامەکەیدا رەخنەی لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان گرت کە لە کاتی تێپەڕاندنی یاسای بودجەدا لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان بەو بەشەی یاساکە نەدا پشتیوانی ناردنی پارە دەکات راستەوخۆ لە بەغداوە بۆ پارێزگاکان و پرسیاری کرد: "کوا ئەو ئۆپۆزیسیۆنە، ئەمڕۆ؟" هەر خۆشی وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە و گوتی: "نییە". 
 
سەرۆکی یەکێتی "داوای لێبووردنی لە گەنجان کرد کە لە رابردوودا گوێیان لێنەگیراوە" و باسی لەوەكرد، کۆنگرە بە کۆنگرە حیزبەکە گەنجتر دەکرێتەوە و دەرگە بۆ [گەنجان] کراوەتەوە و گوێیان لێ دەگیرێت و دەبینرێن". 
 
سەرۆکی یەکێتی بەڵێنی بە گەنجان دا "لە بەغداوە شەڕیان بۆ بکرێت و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنێت" و گوتی: "لە بەغداوە ئابووری کوردستان بەهێز دەکەین و ئەوە کارنامە و ئامانجی ئێمەیە". 
 
بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ئەوەی باسی رۆڵی ژنان کرد لەنێو یەکێتی، داواشی لێیان کرد، "لە ماڵەوە دانەنیشن پیاوەکان بڕیاریان بۆ بدات، چونکە ئەو زەمانە تەواو بووە". 
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی دەنگدەر، لایەنگر و هاونیشتمانییان کرد و گوتی: "سندووقەکانمان بۆ سەوز بکەن و بماننێرن بۆ بەغدا، با ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین بۆ ئێوە و بۆ کوردستان و بۆ عێراق". 
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەم ئەنجام دەدرێ. بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەشتی هەمان مانگ رادەگیرێ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە