رووداو دیجیتاڵ
حاجی عەبدولوەهاب زاهیری تەمەن 49 ساڵان کە برا گەورەی هەشت خوشک و پێنج برا و باوکی پێنج منداڵە، شەوی پێنجشەممە لەدوای دەمەقاڵێی لەگەڵ دراوسێیەکی بەهۆی شەڕە سەگەوە لەنێو زەوی و زاریان تەقەی لێدەکرێت و بە گوللەیەک کە بەر دڵی کەوت، گیانی لەدەستدا.
پەیمان سەعید، هاوژینی عەبدولوەهابە و دەڵێت، "هیچ کێشەمان لەگەڵ یەکدیدا [دراوسێکەیان] نەبوو و تەنیا لەسەر شەڕە سەگ بووە، شەڕەکە تەواو نەبوو، کردیانە تەقە."
خەیاڵ عەبدوڵڵاش دایکی عەبدولوەهابە و باسی "بێتاوانیی کوڕەکەی کرد" گوتی، "ئاگریان تێبەردام، چۆن دەبێت چەک بدرێتە هەموو کەسێک. کوڕم پیاو بوو، عاقڵ بوو، کوڕم حاجی بوو."
عەبدولوەهاب و ئەو کەسەی تەقەی لێکردووە نزیکەی 30 ساڵ دراوسێ یەکدی بوون و هەردوو بنەماڵە ئاژەڵدارن. زەوییەکانیان بەرامبەر یەکدیە و شەوی 6ـی ئەم مانگە کاتێک سەگەکانیان لەیەکدی بەردەبن، دەمەقاڵێ دروست دەبێت، عەبدولوەهاب دەکوژرێت و برا بچووکەکەشی بریندارە و لە نەخۆشخانەیە.
زەینەر برای عەبدولوەهابە، لە کاتی رووداوەکە لە لای زەوییەکەیان بووە و دوو گوللەی بەرکەوتووە، باری تەندروستیی جێگیرە و رووداوەکە بەم جۆرە دەگێڕێتەوە. "سەگوەڕ بوو، سەگوەڕێکی زۆر خراپ بوو، منیش دەمویست بڕۆم بەڵام لەبەر دۆخی ئەمنیی ئەوێ سەرەتا نەڕۆیشتم، دوایی دەنگی تەقە هات، بینیم بە کۆمەڵ هاتن و وتیان ئێوە بە ئەنقەست سەگەکانتان بەرداوە."
رووداوەکە دەورەبەری کاژێر 09:00ـی شەوی رۆژی پێنجشەممە لە گوندی دێمەکاری سەر بە شارۆچکەی دیبەگە روویداوە، ئەو کەسانەی تەقەیان کردبوو هەر شەوی رووداوەکە گوندەکەیان چۆڵ کردووە، کەسوکاری کوژراو و بریندارەکەش دەڵێن، "سکاڵا تۆمار دەکەین و رێکاری یاسایی دەگرینەبەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ