دابەزینی نرخ بەشێک لە پەلەوەرخانەکانی داخست؛ "لە هەر کیلۆیەکدا 100 دینار زیان دەکەن"

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەهۆی دابەزینی نرخی مریشک بۆ خوار تێچووی بەرهەمهێنان، بەشێک لە پەلەوەرخانەکان داخراون و خاوەنەکانیان لە هەر کیلۆیەکدا زیاتر لە 100 دینار زیان دەکەن.
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی دابەزینی زیاد لە پێویستی نرخی مریشک، ژمارەیەک پەلەوەرخانە داخراون و بەشێکیشیان بەرهەمهێنانیان راگرتووە."
 
سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان، فیراس سدیق گوتی، "ئێستا بەرهەمهێنانی کیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن پەلەوەرخانەکان بە زیاتر لە 2 هەزار و 200 دینار دەکەوێت، بەڵام بە 2 هەزار و 100 دینار دەیفرۆشن؛ واتە لە هەر کیلۆیەکدا 100 دینار زیان دەکەن."
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخەکان بۆ "زۆربوونی خستنەڕوو" لە بازاڕەکاندا دەگەڕێنێتەوە، کە زیاترە لە ئاستی خواست. هاوکات ئاماژە بەوە دەکات، وەرزی زستانیش تێچووی لەسەر پەلەوەرخانەکان زیاد کردووە، چونکە پێویستیان بە سووتەمەنیی زیاترە بۆ گەرمکردنەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستان 1995 پەلەوەرخانە هەن، کە ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک بەخێو دەکەن. بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی مریشک دەگاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن، لە کاتێکدا پێداویستیی ناوخۆ 146 هەزار تۆنە؛ واتە ساڵانە نزیکەی 104 هەزار تۆن گۆشتی مریشک لە پێداویستیی ناوخۆ زیادە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە