رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی دانوستانکاری حیزبەکەی و یەکێتی بە "چارەنووسساز" ناودەبات و دەڵێت، "وەکو براوەی یەکەم مافی خۆمانە وەزارەتی ناوخۆ وەربگرین و یەکێتییش با وەزارەتی پێشمەرگە بۆ خۆی ببات."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-01-2026 هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە دوایین پێشهاتەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم و دانوستاندنەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کرد.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی دانوستانکاری هەردوو حیزب، هیوا گەیلانی گوتی، "کۆبوونەوەکە گرنگە و چارەنووسسازە؛ تێیدا بابەتی سەرەکی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هاوکات باسی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقیش دەکرێت."
لەبارەی دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان، هیوا گەیلانی ئاشکرای کرد، لە دانوستاندنەکاندا یەکێتی داوای هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە دەکات، یاخود سوورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ.
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی، "پارتی نەرمی زۆری نواندووە، بەڵام وەکو براوەی یەکەم مافی خۆمانە بڵێین وەزارەتی ناوخۆ لای ئێمە بێت و وەزارەتی پێشمەرگە لای برادەرانی یەکێتی بێت."
بەگوێرەی قسەکانی گەیلانی، سەرەتا یەکێتی جەختی لەسەر "دیدگای هاوبەش و بەرنامە" دەکردەوە نەک پۆست، بەڵام "دواتر داواکارییەکانیان گۆڕی و باسی پۆستەکان دەکەن."
هیوا گەیلانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق گوتی، "ئەو پۆستە تاپۆ نییە لەسەر یەکێتی و بۆ لایەنێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو مافی خەڵکی کوردستانە." هەروەها هۆشداریی دا و گوتی: "ئەگەر لەگەڵ یەکێتی رێکنەکەوین، بە بەربژێری خۆمانەوە دەچینە بەغدا، چونکە پارتی وەک براوەی یەکەم لە هەموو لایەنێک زیاتر مافی ئەوەی هەیە قسەی لە پۆستی سەرۆککۆماردا هەبێت."
سەبارەت بە ئەگەری مامەڵەکردن بە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرامبەر پۆستی سەرۆککۆمار، هیوا گەیلانی ئەو بابەتەی رەتکردەوە و جەختی کردەوە، "پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرامبەر هیچ پۆستێک نییە و مامەڵەی پێوە ناکرێت؛ ئەوەی بەغدا جیایە و ئەوەی ئێرە جیایە، لەم کابینەیەشدا پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر لای پارتی دەمێنێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ