نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی: گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵ نەکرێن سووریا سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی داوا لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی دەکات ''دەستبەجێ'' بەرامبەر هێرشی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب هەڵوێستیان هەبێ. دەشڵێت، دیمەشق دەیەوێ شەڕێکی نوێ دژی کورد دەستپێبکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 08-01-2026، فەتحوڵڵا حوسێنی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان و سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب رایگەیاند، ''تاوەکو ئەو کاتەی چارەسەرێک بۆ گرووپە تووندڕۆکان نەدۆزرێتەوە، سووریا سەقامگیری و ئاشتی بەخۆیەوە نابینێت.''
 
فەتحوڵڵا حوسێنی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە سەرجەم پێکهاتەکان خۆیان لە سووریای نوێ دا ببیننەوە و ''سەرجەمیان هاوبەشی بڕیاری سیاسی و سەربازی بن، چونکە دیمەشق پایتەختی هەموو سوورییەکانە.''
 
بە گوتەی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی، گەمارۆی هەردوو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، بە واتای شەڕێکی نوێیە دژی کورد، ''دەیانەوێت سووریا بگەڕێننەوە چوارچێوەی یەکەم، واتا ئەو شەڕە ئایینییەی ساڵی 2011 لەئارادا بوو. ئەمڕۆش خەریکە شەڕێکی نەتەوەیی دژی کورد دەکرێ.''
 
لە رۆژی سێشەممە 6ـی کانوونی دووەمەوە، هێرشێکی فراوان بە تانک و تۆپ بۆ سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب دەستیپێکردووە. فەتحوڵڵا حوسێنی داوا دەکات، ''پێویستە بە زووترین کات گەمارۆکە بشکێنرێت. کاتێک دیمەشق بە شێوەیەکی فەرمی بە ناوی وەزارەتی بەرگرییەوە پاڵپشتیی ئەو هێرشانە دەکات، بە واتای ئەوە دێت کە ئیرادەیەک هەیە بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی نوێ دژی کورد.''
 
سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاندووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب هێرش دەکەنە سەر هێزەکانیان. نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، ''لەنێو شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هیچ هێزێک بە ناوی هەسەدە بوونی نییە. بەڵکو بەگوێرەی رێککەوتنی 1ـی نیسانی نێوان دیمەشق و هەسەدە، هێزی ئاسایشی [ناوخۆی] کوردی هەردوو گەڕەکەکان دەپارێزن.''
 
بەپێی ئامارەکان تاوەکو دوێنێ چوارشەممە، 65 سڤیل بوونەتە قوربانی (9 کوژراو و زیاتر لە 56 بریندار). فەتحوڵڵا حوسێنی ئەو هێرشەی دەکرێتە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە ''شەڕی بەوەکالەت'' ناو دەبات و دەڵێت، ''ئەمە شەڕێکی مەترسیدارە و سووریا دەباتە قۆناخێکی هەرە مەترسیدار. پێویستە دیمەشق بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی بگرێتە ئەستۆ و شەڕی بەوەکالەت بە ئەجێندای دەرەکی، بەتایبەتی ئەجێندای تورکیا نەکات.''
 
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی داوا دەکات کە ''دەستبەجێ'' ئەمریکا و ئەورووپا هەڵوێستێکی جدییان بەرامبەر ئەو گرووپە چەکدارانە هەبێت کە گەمارۆی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەبیان داوە، ''هەر چوار گرووپیش خراونەتەوە لیستی تیرۆرەوە، عەمشات، حەمزات، نووردەین زەنگی و سوڵتان موراد.''
 
سوپای سووریا دوێنێ (پێنجشەممە) مۆڵەتی کۆتایی بۆ سڤیلەکان دانا بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە. ئەمەش وایکرد شەپۆلێکی ئاوارەبوون دەستپێبکات و تەنیا لە رۆژێکدا 20 هەزار خێزان روویان لە عەفرین کردەوە، بەڵام هێشتا سەدان هەزار کەس لەژێر گەمارۆدان و هێرشەکان بەردەوامن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.

کەشناسی: ئەمڕۆ باران و بەفر دەبارێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بەفر و باران باشووری کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێک دەڵێت، پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە سبەی دوای نیوەڕۆ کۆتایی بێت.