151 کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە

08-01-2026
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی گەڕاندنەوەی 151 کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستانیان تەواو کردووە و بە فڕۆکەیەکی تایبەت دەگەڕێندرێنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 08-01-2026 ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی داوە لەسەر تەرخانکردنی فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 151 هاووڵاتییە."
 
سەبارەت بە کاتی گەڕانەوەیان، ئەحمەد سەحاف گوتی، "هەموو پێداویستییەکانمان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ عێراق و بۆ لای کەسوکاریان تەواو کردووە و لەم چەند رۆژەدا دەگەڕێنەوە."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی باڵیۆزخانەی عێراق، ئەو هەوڵە لە چوارچێوەی "بەهێزکردنی رێڕەوی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە"دایە کە وەزارەتی دەرەوە کاری لەسەر دەکات، ئامانج لێی رزگارکردنی گەنجانی عێراقە لە مەترسییەکانی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
 
پێشتریش باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەیان کۆچبەری دیکەی گەڕاندووەتەوە و وەک خۆیان دەڵێن، هاوکاریی خۆراک، جلوبەرگ و پێداویستیی رۆژانەیان پێشکێش کردوون.
 
ساڵی رابردوو چەندین جار گرووپی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا و توونس دەستگیرکراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان دەیانەوێت لەو وڵاتانەوە و لەڕێگەی دەریای نێوەڕاستەوە، خۆیان بگەیێننە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە سنووری کۆیە

قایمقامی کۆیە: لە شیواشۆک ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەکرێت

قایمقامی قەزای کۆیە دەڵێت، لە کێڵگەی نەوتی شیواشۆک دەستکراوە بە هەڵکەندنی بیری نوێ و پشکنین، بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام دەستپێکردنەوەی کارەکان بە تەواوی چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە.