ئەنەکەسە: نزیکەی 3000 خێزان بە ناچاری لە حەلەبەوە گەڕاونەتەوە عەفرین

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، لە رێگەی خێرخوازانەوە هاوکاریی ئەو کوردانە دەکرێت کە بەهۆی شەڕەوە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەیان لە حەلەب جێهێشتووە. ئاماژە بەوەش دەکات، چەند گەنجێک لەوانە دەستگیر کراون کە گەڕاونەتەوە.
 
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی خێرخوازانەوە ئۆتۆمبێل بۆ ئەو کوردانە ئامادە کراوە کە ناچارن ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود چۆڵ بکەن و بگەڕێنەوە سنووری عەفرین."
 
هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر هەردوو گەڕەکەکە لە 06-01-2026ـەوە دەستیپێکردووە. ئەحمەد حەسەن گوتی، "لە دوو رۆژی رابردوودا پێشوازیمان لە زیاتر لە 3000 خێزان کردووە، کە لەو دوو گەڕەکەی حەلەبەوە ناچار کراون ماڵی خۆیان جێبهێڵن و بگەڕێنەوە سنووری عەفرین."
 
لەدوای ئەوەی گرووپە چەکدارە عەرەبەکانی سووریا بە پشتیوانیی سوپای تورکیا دەستیان بەسەر عەفرین دا گرتووە، بەشێکی هاونیشتمانییانی ئەو شارە و دەوروبەری ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە و لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب نیشتەجێ بوون.
 
هێزی ئەمنیی سووریا چەند گەنجێکی کورد دەستگیر دەکەن
 
بەرپرسی ئەنەکەسە لە عەفرین گوتی، "کاتێک ئاوارەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە عەفرین، لە بازگەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی سووریا پشکنینیان بۆ دەکرێت و هەندێکجار بەناوی لێکۆڵینەوەوە گەنجەکان دەستگیر دەکرێن."
 
بە گوتەی ئەحمەد حەسەن، دوێنێ چەند گەنجێکی کورد بە پاساوی لێپرسینەوە دەستگیرکراون. گوتیشی، "دوای بەدواداچوونمان دەرکەوت بەشیکیان ئازاد کراون، بەڵام بەشێکیان هێشتا لە زیندانن."
 
لە عەفرین و دەوروبەری چەندین گرووپی چەکداریی هەن و ئێستا دەگوترێت تێکەڵی سوپای سووریا بوون، بەڵام بەپرسانی کورد لەو ناوچەیە دەڵێن، "هێشتا هەندێک گرووپ هەن نەوەکو سەر بە حکومەتی سووریا نین، بەڵکو هیچ گوێشیان لێناگرن و سەربەخۆیانە کار دەکەن، بەتایبەت لە دەوروبەری عەفرین".
 
کوردانی عەفرین دەرگایان بۆ ئاوارەکان کردووەتەوە
 
تاوەکو ئەمڕۆ بەشێکی ئەو کوردانەی دوای رووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد گەڕانەوە عەفرین نەیانتوانیوە بچنەوە نێو ماڵ و موڵکی خۆیان بەهۆی ئەوەی لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە داگیرکراون، ئێستا بەهۆی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریاوە بەشێکی دیکە ناچاربوون بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە عەفرین و دەوروبەری.
 
ئەحمەد حەسەن دەڵێت: "ئەوانەی دەگەڕێنەوە زۆرینەیان دەچنەوە گوندەکان، ئەگەر ماڵ و موڵکیشیان نەدرێتەوە یان لانیکەم لە ئێستا، ئەوە لەنێو ماڵی کەسوکاریاندا دەمێننەوە کە لە گوندەکاندا ماون."
 
ئەحمەد حەسەن گوتیشی، "ئەوانەی گەڕاونەتەوە تاوەکو ئەمڕۆ رووبەڕووی کێشەی مرۆیی نەبوونەتەوە، تاوەکو ئێستا کێشەی نەبوونی خۆراک یان پێداویستی پزیشکییان بۆ دروست نەبووە، چونکە گرووپی خۆبەخشی جیاواز پێکهێندراون پێشوازییان لێبکەن."
 
بەگوێرەی نوێترین ئاماری ئەنجوومەنی تەندروستیی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداویان داوە، ئاماری قوربانیانی هێرشەکەی سوپای عەرەبیی سووریای بۆ سەر هەردوو گەڕەکەکە گەیشتووەتە 8 گیانلەدەستدان و 57 بریندار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە