رووداو دیجیتاڵ
ڤاتیکان بە فەرمی بەرنامەی کاری سەردانەکەی پاپا فرانسیسی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، پاپا سەردانی بەغدا، شاری ئوور، نەجەف، هەولێر، موسڵ و قەرەقووش دەکات.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی ڤاتیکان، سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق لە 5ـی ئادار تاوەکو 8 ئاداری 2021 دەبێت.
رۆژی 5ی ئادار پاپا رۆما جێدەهێڵێت و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران پێشوازیی لێدەکات. پاشان بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتیی بەڕێدەکەوێت و رێوڕەسمی پێشوازیی بۆ رێکدەخرێت و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار و دواتریش لەگەڵ بەرپرسانی دیکە و کۆمەڵگەی مەدەنی و دیپلۆماتکاران کۆدەبێتەوە.
دواتر بەرەو کەنیسەی سەیدە نەجاتی سریانیی کاسۆلیکی لە بەغدا بەڕێدەکەوێت و لەگەڵ پیاوانی ئایینی کۆدەێتەوە.
هەروەها رۆژی شەممە 6ی ئاداری 2021 پاپا بەرەو نەجەف بەڕێدەکەوێت، چاوی بە عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی باڵای شیعەکان دەکەوێت. دواتر دەچێتە شاری ئووری شوێنەواری و بۆ ئێوارەکەی لە بەغدا بەشداریی رێوڕەسمی کەنیسەی مار یوسفی کلدانی دەکات.
رۆژی 7ی ئادار پاپا لە بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێدەکەوێت و چاوی دەکەوێت بە دەسەڵاتداران و پیاوانی ئایینی و پاشان بەرەو موسڵ بەڕێدەکەوێت و لەوێ نوێژ بۆ گیانی قوربانیانی جەنگ دەکات.
دواتر سەردانی کەنیسەی تاهیرە گەورەی قەرەقووش دەکات و نوێژی موژدەدەری لەگەڵ خەڵک دەکات. دواینیوەڕۆکەیشی جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە هەولێر و لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەشداریی رێوڕەسمێک دەکات.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رۆژی دووشەممە 8ی ئاداری 2021 پاپا دەگەڕێتەوە بەغدا و لەوێ رێوڕەسمی ماڵئاوایی بۆ رێکدەخرێت و دواتر عێراق جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە ئیتاڵیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ