سەرۆک بارزانی و تۆم باراک: هەموو هەنگاوێک بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگە لە شەڕ بگیرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبەر حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی و تۆم باراک، نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "هەموو هەنگاوێک بگیرێتەبەر بۆ رێگری لە شەڕ".
 
رۆژی یەکشەممە، 08-02-2026 بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی و تۆم باراک لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی و دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا.
 
بارەگای بارزانی دەڵێت، "هەردوولا هاوڕا بوون لە پێویستی بەردەوامی گرتنەبەری هەموو هەنگاوێک بۆ ئەوەی رێگە لە پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕ بگیرێت و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە جێگیر ببێت".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا هەردوولا "دەستخۆشیان لەیەكتری كرد بۆ ئەو رۆڵە كاریگەرەی لە بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا گێڕاویانە". 
 
سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ رۆڵی ئەمریكا، جەختی لە بەردەوامیی هاوپەیمانێتی نێوان گەلی كوردستان و ئەمریكا كردەوە. ئەمە بەگوێرەی بارەگای بارزانی.
 
دەقی راگەیێندراوەکە:
 
ناوەڕۆكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا
 
ڕۆژی یەكشەممە 8ی شوباتی 2026 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و بەڕێز تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا ئەنجام درا.
 
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی و دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا. هەردوولا هاوڕا بوون لە پێویستی بەردەوامی گرتنەبەری هەموو هەنگاوێك بۆ ئەوەی ڕێگە لە پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕ بگیرێت و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە جێگیر ببێت.
 
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا هەردوولا دەستخۆشیان لەیەكتری كرد بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی كە لە بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا گێڕاویانە. هەروەها سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ ڕۆڵی ئەمەریكا، جەختی لە بەردەوامیی هاوپەیمانێتی نێوان گەلی كوردستان و ئەمەریكا كردەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە