رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراق، بازرگان و کاسبکاران دژی پێناسی نوێی گومرگی چوونەسەر شەقامەکان. بازرگانێک دەڵێت، گومرگی کۆنتێنەر لە سێ ملیۆنەوە بۆ 37 ملیۆن دینار بەرزبووەتەوە و هۆشداری دەدەن: ئەمە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر گیرفانی هاووڵاتییان دەبێت.
دوێنێ، ژمارەیەکی زۆر لە بازرگان، دووکاندار و کرێکار لە بەغدا بەرەو دەستەی گومرگ بەڕێکەوتن و ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەوان دەڵێن زیادکردنی باج لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان بازاڕی شێواندووە.
حەیدەر کازم، کرێکارە و بە رووداوی گوت: "نەک تەنیا جلوبەرگ، بەڵکو پێداویستیی کارەبایی و خۆراکیش گران بووە. جگەرە لە 750 دینارەوە بووە بە هەزار و 250 دینار؛ واتە 500 دیناری چووەتە سەر. یانی چی بکەین؟ بگەڕێینەوە بۆ پێچانەوەی تووتن؟"
ئەحمەد جەبار، بازرگانێکە و پێشبینی دەکات مووچەی فەرمانبەران بەشی 15 رۆژ نەکات. ئەو دەڵێت: "من دەبێت 30% بخەمە سەر نرخەکان، چونکە کە کاڵا دەهێنین دەبێت ئەوەندە زیادە بدەین. کێ ئەم 30%ـە دەدات؟ بێگومان هاووڵاتی."
60 هەزار کۆنتێنەر گیریان خواردووە
بازرگانان لە ترسی باجە نوێیەکان، ناوێرن کاڵاکانیان لە بەندەرەکان دەربهێنن. بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی 60 هەزار کۆنتێنەر لە بەندەرەکانی بەسرە ماونەتەوە، چونکە تێچووی گومرگ و سزای پێبژاردنی مانەوەیان لە بەهای کاڵاکان زیاتر دەبێت.
حەیدەر عەبدولکەریم، بازرگانی جلوبەرگ دەڵێت: "پێشتر کۆنتێنەرم بە سێ بۆ سێ ملیۆن و نیو دەهێنا، ئێستا داوای 37 ملیۆن دینار دەکەن. ئەمە عەقڵ و لۆژیک قبووڵی ناکات؛ پارچەیەک ئەگەر پێشتر پێنج هەزار بووبێت، دەبێتە 40 هەزار دینار."
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە بڕیاری ژمارە 957ی ساڵی 2025، پێناسی نوێی گومرگیی دیاریکرد کە لە نێوان 5% بۆ 30%ـە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ