رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، هەناردەی شتومەک لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە لە مانگێکدا 56٪ زیادیکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، خالید جەنگجو، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ورمێ، ئاماری هەناردەی شتومەک لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە بڵاوکردەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ورمێ، لە سەرەتای نەورۆزی 2025ـەوە تاوەکو، 21-4-2025 زیاتر 449 هەزار و 965 تۆن لە بەرهەمە ناوخۆییەکانی پارێزگاکە بە بەهای زیاتر لە 157 ملیۆن دۆلار هەناردە کراون کە بەراورد بە پار لە هەمان ماوەدا 56٪ زیادیکردووە.
خالید جەنگجو گوتی، لەو ماوەیەدا 171 هەزار و156 تۆن بەرهەم و شتومەکی پارێزگاکانی دیکە لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێوە هەناردە کراون.
سەبارەت بە ئاماری ترانزێتیش، خالید جەنگجو گوتی، لە ماوی مانگێکدا 130 هەزار تۆن کاڵای بیانی و بڕی 83 هەزار تۆن کاڵای ناوخۆیی لە گومرگەکانی پارێزگای ورمێ ترانزێت کراوە.
لەبارەی هاتووچۆکردنی خەڵک لە دەروازەکەوە بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ورمێ باسی لەوەکرد، لەو ماوەیەدا رۆژانە 14 هەزار و 559 کەس لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هاتووچۆیان کردووە و هەزار و 411 بارهەڵگریش کاڵا و شتومەکیان بۆ دەروازە سنوورییەکان گواستووەتەوە.
پارێزگای ورمێ سنووری هاوبەشی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی نەخجیڤانی سەر بە کۆماری ئازەربایجان و هەرێمی کوردستاندا هەیە، زۆربەی هەناردەی ئەو پارێزگایە بۆ تورکیا و هەرێمی کوردستانە.
لەو پارێزگایە، شەش دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەران و دەروازەی سنووریی کێلێ، لەگەڵ هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ