مامۆستایەکی ئایینی: جاران هەفتەی 5 جار بۆ مارەبڕین بانگ دەکرام، ئێستا بە 5 هەفتە جارێک بانگ ناکرێم

08-06-2021
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن پرۆسەی هاوسەرگیری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی ئایینی باس لەوە دەکات کە پرۆسەی هاوسەرگیری لەناو گەنجاندا کەمبووەتەوە و دەڵێت: "جاران کە دۆخی ئابووری باش بوو هەفتەی پێنج جار بۆ مارەبڕین بانگ دەکرام، ئێستا بە پێنج هەفتە جارێک بانگ ناکرێم."
 
د. مەغدید کەریم تەها، مامۆستای ئایینی و پسپۆڕی یاسایی و شەریعە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بە داخەوە دواخستنی هاوسەرگیری تا رادەیەک زیادی کردووە، ئەمەیش بە کۆمەڵگەی ئێمە نامۆیە. جاران کە دۆخی ئابووری باش بوو هەفتەی پێنج جار بۆ مارەبڕین بانگ دەکرام، ئێستا بە پێنج هەفتە جارێک بانگ ناکرێم. ئەرکی حکومەتە هانی گەنجان بدات کە هاوسەرگیری بکەن و لە رووی ماددییەوە هاوکارییان بکات."
 
بەشێک لە گەنجان کە هاوسەرگیری ناکەن هۆکارەکەی بۆ ئەو داواکارییانە دەگێڕنەوە کە لەلایەن ماڵی کچانەوە لێیان دەکرێت.
 
د. مەغدید کەریم تەها گوتی: "وەک مامۆستایەکی ئایینی زۆر گرێبەستی هاوسەرگیریم بە ئەنجام گەیاندووە، ئێستا زۆر بە زەقی هەست بەوە دەکرێت کە خێزانی کچان داواکارییان زۆرە. لەم ماوەیەی رابردوودا گرێبەستێکی هاوسەرگیریم کرد کە مارەییەکەی کەم بوو و 17 مسقاڵ و نیو بوو. لە ساڵی 1995ـەوە یەکەم جارمە ئەو بڕە کەمە ببینم. جار هەبووە 100 مسقاڵ کراوە. بە گشتییش لەنێوان 30 بۆ 40 مسقاڵدایە. لە زۆر گەنجم بیستووە کە گرانیی زێڕ و داواکاریی زۆر هۆکارە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری نەکات."
 
هەروەها پشدەر رەشید، توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: "یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی هاوسەرگیری باری ئابوورییە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا دۆخی ئابووری تێک چووە و، گەنجان ناتوانن بە شێوەیەکی پێویست ئامادەکاری بۆ ژیانێکی تازە بکەن. هۆکارێکی دیکەیش ئەوەیە کە بەشێک لە خێزانی کچان کارئاسانی ناکەن و داوای زێڕی زۆر دەکەن. هەندێک گەنجیش لە بەرپرسیارێتی دەترسن و لێی رادەکەن."
 
هاوکات ئێستا باس لەوەیش دەکرێت کە رێژەی جیابوونەوەی هاوژینان زیاد بووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە هۆکارێکی ئەو جیابوونەوەیە دادەنرێن.
 
ئازاد چۆمانی، پارێزەرە و دەڵێت: "زۆربەی کەیسەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە سەرووی تەمەنی 40 ساڵییەوەن. دەتوانین بڵێین ئێستا 70٪ی هۆکاری جیابوونەوە بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە کە بە شێوەیەکی نادروست بە کار دەهێنرێت. تاوەکو مانگی نیسانی ئەمساڵ 686 جیابوونەوە تۆمار کراوە بەرامبەر بە چوار هەزار و 601 هاوسەرگیری."
 
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا زیادبوونی ئافرەتان لە باڕ و مەیخانەکاندا هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی گەنجان لە هاوسەرگیری دوور بکەونەوە و بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە روو لەو شوێنانە بکەن.
 
چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی ئابووریدا تێدەپەڕێت کە کاریگەریی لەسەر ژیانی خێزانەکان و پەیوەندییەکانیان کردووە.
 
رۆژی  2021/05/18 بەشدار مەجید، دادوەر و گوتەبێژی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، رێژەی جیابوونەوەی هاوژینان لە زیادبووندایە، بەڵام ئەو ژمارانەی دەگوترێن هی راستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نین، چونکە ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی سووریا و عەرەبەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی تێدان و جیابوونەوەکانی ئەوانیش هەژمار کراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک.

پارێزگاری کەرکووک: پڕکردنەوەی شیوەکان هۆکار بووە لافاو زیانی لێبکەوێتەوە

پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، ئەو لافاوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە چەند شوێنێکی پارێزگاکە دروستبوو، بووە هۆی رووخانی چەندین پرد و وێرانبوونی ژێرخانی ئاوەڕۆ. هۆکاری لافاوەکەی لەیلانیش بۆ پڕکردنەوەی شیوەکان بە زێدەڕۆیی گەڕاندەوە.