رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 16ی کانوونی یەکەمی 2025 دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بۆ مانگی 11 دەکەن.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، ئەمڕۆ 15ی کانوونی یەکەمی 2025 هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى 11 خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، "هەر ئەمڕۆش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریى سەربازى) دەست بە ئەنجامدانی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان کراوە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی سێشەممە 16ی کانوونی یەکەمی 2025 دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
لەم مانگەدا، زیاتر لە 97%ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لەڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی دیکەش لە رێگەی سیستمی بانکییەوە هاوکارییەکان وەردەگرن، ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە.
وەزارەتەکە داوای لە پێشمەرگە و هاووڵاتییانی کوردستان کردووە، "ماڵپەڕ و هەژمارە فەرمییەکانی سۆشیال میدیای وەزارەتی پێشمەرگە بکەنە تاکە سەرچاوەی پشتڕاستکراوی وەرگرتنی زانیارییەکان."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری لە پەیجە ساختەکان دووربکەونەوە، چونکە مەبەستیان بەلاڕێدابردنی رای گشتی، شێواندنی راستییەکان و دروستکردنی پشێوی و بێ متمانەییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ