لە کەرکووک بۆ یەکەمجار نەشتەرگەری یەکلاییکردنەوەی رەگەز دەکرێت

08-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نەخۆشخانەی فێرکاریی کەرکووک رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی پارێزگاکە نەشتەرگەرییەکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی رەگەزی لاوێکی تەمەن 19 ساڵان کردووە کە ئەندام و کرۆمۆسەکانی ناوەوەی لەشی نێرینە بوون و تەنیا ئەندامی دەرەکیی مێینە بووە و بەیەکێک لە کەیسە دەگمەنەکان دادەنرێت. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکووک دەڵێت، "نەشتەرگەرییەکە لەلایەن تیمێکەوە کراوە، هەموویان کەرکووکین."
 
رۆژی پێنجشەممە، 8-6-2023، دکتۆر زیاد خەڵەف مەدید، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک، لەبارەی نەشتەرگەرییەکەوە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی فێرکاریی کەرکووک توانیان نەشتەرگەرییەکی راستکردنەوەی رەگەز ناسراو بە (metoidioplasty) بۆ گەنجێک بکەن کە بڕیاربوو لە دەرەوەی عێراق ئەو نەشتەرگەرییە بکات."
 
ئەو گەنجەی نەشتەرگەریی بۆ کراوە تەمەنی 19 ساڵە و پێشتر رەگەزی مێ بووە، بەپێی قسەی دکتۆر حەیدەر حوسێن ئەلوائیل، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ "سەرکەوتووانە نەشتەرگەرییەکی راستکردنەوەی رەگەزیان بۆ نەخۆشێکی تەمەن نۆزدە ساڵان کرد، ئەو نەخۆشە لەدایکبوونیەوە وەکو مێ گەورە بووە، بەڵام دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان کە 5 ساڵ لەمەوبەر  کردوویەتی، بۆی دەرکەوت ئەندام و کرۆمۆسۆمی ناوەوەی نێرینەن و ئەندامی دەرەوەی جەستەی مێینەیە کە بە یەکێک لە کەیسە دەگمەنەکان دادەنرێت."‎
 
سامان یابە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی کەرکووک، لەبارەی نەشتەرگەرییەکەوە بە رووداوی گوت، "یەکەمجارە ئەو نەشتەرگەرییە لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت، ئەو پزیشک و کارمەندە تەندروستییانەشی سەرپەرشتی نەشتەرگەرییەکەیان کرد خەڵکی کەرکووکن".
 
میتۆیدیۆپلاستی metoidioplasty بریتییە لە نەشتەرگەرییەک بۆ ئەندامی زاوزوێی کەسەکە دەکرێت و بریتییە لە یەکلاییکردنەوە یان راستکردنەوە و گێڕانەوەی دروستی رەگەز بۆ ئەو کەسەی نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە