کۆڵبەرێکی 23 ساڵان بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا

08-07-2025
ناسر پیرۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 08-07-2025 هێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی خالید محەممەدی گیانی لەدەستدا.
 
خالید محەممەدی تەمەن 23 ساڵان، خەڵکی گوندی ئەنجێنەی بانە بوو. 
 
ئەو کۆڵبەرانەی لەگەڵ خالید محەممەدی بوون بە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستانیان راگەیاندووە، هێزەکانی ئێران بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لێکردوون. 
 
هەروەها رایانگەیاندووە، ئەو بارەی خالید محەممەدی و کۆڵبەرانی دیکە گواستوویانەتەوە، کەلوپەلی کارەبایی نێوماڵ بووە و خالید محەممەدی تەلەڤزیۆنێکی پێ بووە.
 
هەفتەی رابردووش لە سنوورەکانی بانە بە تەقەی هێزەکانی ئێران، کۆڵبەرێک بە ناوی سەیوان عەبدوڵڵازادە گیانی لەدەستدا و کۆڵبەرێکی دیکەش بریندار بوو.
 
بەپێی ئاماری ئاژانسی کۆڵبەر نیوز کە ئاماری کۆڵبەران تۆمار دەکات، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا لانیکەم 30 کۆڵبەر لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان گیانیان لەدەستداوە و 13یان بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە