رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، تائێستا 2500 موەلیدەی گەڕەکەکان کوژێندراوەنەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ کەمکردنەوەی زیانی دووکەڵی ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێمی کوردستان، پێویستە سیستمی گواستنەوەی گشتی بەکاربهێنرێت.
ئەمڕۆ هەینی 08-08-2025، سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشیکرد، لەبارەی کاریگەریی کوژاندنەوەی موەلیدەکان لەسەر هەوای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی رووناکیی کارەبا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان هەیە.
سەنعان عەبدوڵڵا گوتی: ''تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 2500 موەلیدە کوژێندراونەتەوە، ئەوەش بە رێژەیەکی بەرچاو گازە ژەهراوییەکان کەمدەکاتەوە کە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما."
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئەوەشی خستەڕوو، کوژاندنەوەی موەلیدەکان کاریگەری لەسەر تەندرووستیی خەڵکیش هەیە و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تەنۆلکە وردیلە زیانبەخشەکانی هەوا.
سەرەڕای کەمکردنەوەی کارپێکردنی موەلیدەکان، بەڵام هێشتا هەوای شارەکانی هەرێمی کوردستان پیسە و ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، تەمێکی پیس ئاسمانی هەولێر و سلێمانی داپۆشیبوو.
جیا لە موەلیدەکان، پاڵاوگە نایاساییەکانی نەوت و دووکەڵی ئۆتۆمبێلەکانیش هۆکارن بۆ پیسبوونی هەوای هەرێمی کوردستان. سەنعان عەبدوڵڵا دەڵێت، ''پێویستە پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن یان بەگوێرەی رێنماییەکانی پاراستنی ژینگە رێکبخرێنەوە.''
لە سنووری هەولێر 138 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون. وەک گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، ''تاوەکو ئێستا 85ـیان داخراون و ژمارەیەکیشیان لە دادگەکان دۆسیەی یاساییان بۆ کراوە.''
زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان هەن. سەنعان عەبدوڵڵا گواستنەوەی گشتی بە رێگەچارەیەک دەزانێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دووکەڵی ئۆتۆمبێلەکان و دەشڵێت، ''پێویستە لەکاتی پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکاندا، مەرجەکانی پاراستنی ژینگە تووندوتۆڵ بکرێن، هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانە بەکاربهێنرێن کە کارەبایی و دۆستی ژینگەن.''
بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، رێژەی پیسیی هەوا لە سلێمانی و هەولێر لە ئاستی "مامناوەند"دایە، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری دەدەن، ئەم رێژەیەش هۆکارە بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەکان، بەتایبەت لە نێو کەسانی بەساڵاچوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ