رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی ئایینیی کرماشان سزای پێنج ساڵ و 6 مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
رۆژی یەکشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2025، دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان، ئەو سزایەی بەسەر مامۆستا ئایەت غوڵامی، گوتارخوێنی پێشووی مزگەوتی محەممەد مستەفا لە کرماشان و مامۆستا لە قوتابخانە ئایینییەکان سەپاند.
دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی رژێم، بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیروڕای گشتی" داوەتە پاڵ ئەو مامۆستا ئایینییە و بڕیاریدا پێنج ساڵ و 6 مانگ بەندکردنی بەسەردا بسەپێنێت.
پێشتر لە رۆژی 23ـی نیسانی 2025، مامۆستا ئایەت غوڵامی، پێشنوێژی مزگەوتی محەممەد مستەفا لە کرماشان و مامۆستا لە قوتابخانە ئایینیەکان بۆ دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لقی کرماشان بانگ کرا و دواتر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
ئایەت غوڵامی، مامۆستای ئایینیی سوننە مەزهەبە لە کرماشان.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە، 30ـی ئابی 2025، خانەی دادی تایبەت بە مامۆستایانی تاران بە تۆمەتی "سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام" سزای سێ ساڵ و یەک مانگ بەندکردن و دوورخستنەوە لە کارەکەی بەسەر مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی چوار یاری نەبی لە شاری سنەدا سەپاند.
دوای خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ساڵی 2022، زیاتر لە 10 مامۆستای ئایینی و پێشنوێژ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان بە بەندکردن، لێدانی قامچی و وەرگرتنەوەی مافی مەلایەتی سزادراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ