پانێڵێکی دیداری مێری؛ شام 'یەکێتیی ئابووری' پێویستە

08-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
قسەکەرانی پانێڵی (وڵاتانی شام دوای ململانێکان؛ ستراتیجییەکانی بووژانەوە و یەکگرتن) لە دیداری مێری.
قسەکەرانی پانێڵی (وڵاتانی شام دوای ململانێکان؛ ستراتیجییەکانی بووژانەوە و یەکگرتن) لە دیداری مێری.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە دووەم رۆژی دیداری ساڵانەی مێری لە هەولێر، پانێڵێک بە ناونیشانی (وڵاتانی شام دوای ململانێکان؛ ستراتیجییەکانی بووژانەوە و یەکگرتن) بەڕێوەچوو. لەو پانێڵەدا چوار شارەزا لە بوارە جیاوازەکانەوە بەشداربوون و تیشکیان خستە سەر ئاڵنگارییەکان و دەرفەتەکانی ناوچەکە.
 
"پێویستە بلۆکێکی ئابووری دروست بکرێ"
 
سەعید بەها، نوێنەری کۆڕبەندی بیری عەرەبی لە ئوردن، جەختی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گرژییەکانی ناوچەکە و جیهان و شەڕی پێناسە گومرگییەکان لەسەر ئابووریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردەوە. 
 
سەعید بەها ئاماژەی بە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری و زیادبوونی بێکاری و قەرزی گشتی لە ئوردن کرد، سەرەڕای ئەوەی وڵاتێکی سەقامگیرە.
 
نوێنەرەکەی کۆڕبەندی بیری عەرەبی لە ئوردن دۆخی سووریای بە نموونە هێنایەوە کە بەهۆی هەژموونی وڵاتانی دیکەوە تووشی ئاستەنگ و کێشە بووە، هەروەها دۆخی عێراق کە هێشتا گرووپی چەکدار هەن کە کاریگەریی گەورەیان هەیە. سەبارەت بە لوبنانیش، سیستمەکەی بە ئیفلیج ناوبرد بەهۆی نەبوونی کۆدەنگییەوە.
 
سەعید بەها ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت ئابووریی وڵاتانی وەک عێراق، سووریا، ئوردن، فەلەستین و لوبنان کاریان لەسەر بکرێ و باشتر بکرێ.
 
بۆ ئەو مەبەستەش، پێشنیازی کرد کە کار بۆ دروستکردنی بلۆکێکی ئابووری بکرێ، وەک یەکێتیی ئەورووپا دوای جەنگی جیهانی دووەم. 
 
ئەم بلۆکە، بە قسەی سەعید بەها، دەبێت سووریا و عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش لەخۆبگرێ بۆ ئەوەی بازاڕێکی گشتگیر دروست بێت و خەڵکی ناوچەکە هەست بە بەرجەستەبوونی ئاشتی بکەن. 
 
"سەقامگیری و یەکڕیزیی نێوخۆیی بنەمای بووژانەوەن"
 
مەکرەم عەویس، سەرۆکی سەنتەری لوبنانی بۆ توێژینەوە، تیشکی خستە سەر کێشە نێوخۆییەکانی لوبنان کە لە ساڵی 2019ـەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییان لەسەر وڵاتەکە هەبووە، هەروەها گرژییەکانی سووریا و لوبنان لەسەر سنووری هەردوو وڵات. 
 
مەکرەم عەویس ئاماژەی بەوەدا کە لوبنان بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆ دواوە گەڕاوەتەوە، بەشێکی بەهۆی نەبوونی کۆدەنگیی نێوخۆیی و بەشێکی دیکەش بەهۆی "دەستدرێژیی دووبارەی دەرەکیەوە".
 
عەویس سێ بنەمای بۆ داهاتووی ناوچەکە خستەڕوو و گوتی: "زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بەدەست ململانێوە دەناڵێنن یان نزیکن لە لێواری ململانێ، کە ئەمەش رێگرە لە راکێشانی سەرمایە و گەڕانەوەی هاووڵاتییان و گەشەی نێوخۆیی."
 
سەرۆکی سەنتەری لوبنانی بۆ توێژینەوە پێشنیازی کرد کە تیمێک لەنێوان حکومەتەکان پێکبهێندرێت بۆ "مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسانەی هێشتا لەنێوان وڵاتان و هەرێمەکەدا کێشەن؛" هەروەها داوای کرد کە وەبەرهێنان لە ئاڵوگۆڕی خوێندکاراندا بکرێ.
 
"دەبێت سووریا ببێتە فاکتەری سەقامگیری"
 
شێروان یوسف، نوێنەری پلاتفۆرمی دیفاکتۆ بۆ گفتوگۆ لە سووریا، تیشکی خستە سەر دۆخی نادڵنیایی لە سووریا دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد. 
 
شێروان یوسف جەختی لە لایەنە ئەرێنییەکانی رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد کردەوە کە "رێگەی خۆشکردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕانکاری و بژاردەکان."
 
شێروان یوسف ئاماژەی بەوەدا کە هەموو کێشەکانی ئێستا لە سووریا، وەک بابەتەکانی پەیوەندیدار بە کورد، عەلەوییەکان، دروزەکان و پێکهاتەکانی دیکە و گفتوگۆکانی شێوازی بەڕێوەبردم بۆ "عەقڵییەتە ئەمنییەکەی رژێم" دەگەڕێنەوە.
 
نوێنەرەکەی پلاتفۆرمی دیفاکتۆ بۆ گفتوگۆ لە سووریا بە پێویستی زانی کە سووریا لە رێگەی مۆدێلی بەڕێوەبردنی نێوخۆیی و بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانەوە ببێتە ناوەندێکی سەقامگیری بۆ ناوچەکە. 
 
نوێنەرەکەی پلاتفۆرمی دیفاکتۆ بۆ گفتوگۆ لە سووریا ئاماژەی بە کرانەوەی نێودەوڵەتی بەڕووی سووریا وەک دەرفەتێک بۆ ئەم گۆڕانکارییە کرد؛ هەروەها باسی لە بنەماکانی بڕیاری 2254 و رێککەوتنە ناوخۆییەکانی وەک رێککەوتنی 10ی ئادار کرد وەک سەرچاوەی باش بۆ دروستکردنی هاوسەنگی. 
 
شێروان یوسف جەختی لەوە کردەوە کە پێش کارکردن لەسەر گەشەپێدان و پڕۆژەکان، پێویستە "کەشێک و دیالۆگێک" لەنێوان وڵاتان و کۆمەڵگەکانی ناوچەکەدا دروست بکرێ. 
 
"سووریا دەتوانێت ببێتە ناوەند و چەقی پێکەوەبەستنەوە"
 
عەمار قەحف، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە ناوەندی عومران رایگەیاند، رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا "گۆڕانکارییەکی جیدی و قووڵە" و دەرفەتێکی نوێی بۆ سووریا خوڵقاندووە تاوەکو ببێتە نێوەند و چەقی پێکەوەبەستنەوە.
 
قەحف جەختی لەوە کردەوە کە سووریا چیدیکە هەڕەشە لەسەر عێراق، لوبنان، ئوردن و تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەراست بەگشتی دروست ناکات و نابێتە رێڕەوی چەک و کاپتاگۆن. 
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە ناوەندی عومران ئاماژەی بەوەدا کە نەمانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران رۆڵی گەورەی هەبووە لە خوڵقاندنی ئەم دەرفەتەدا بۆ سووریا تاوەکو پەیوەندیی تەندروست لەگەڵ دراوسێکان و وڵاتانی وەک رووسیا، ئەمریکا و ئەورووپا دروست بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.