رووداو دیجیتاڵ
ناوەندێکی توێژینەوە، راپرسییەکی لەسەر بەشداریکردنی هاونیشتمانییان لە هەڵبژاردن کردووە. لێکۆڵینڤانێکی ناوەندەکە دەڵێت، زۆرینەی ئەوانەی خواستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن نیشانداوە "هاونیشتمانی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بوون".
ناوەندی توێژینەوەی (سبەی) راپرسییەکەی تایبەت بە بەشداری هاونیشتمانییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووە کە دوو هەزار و 992 کەس بەشداربوون.
کاردۆ کەریم، لێکۆڵینڤان لە ناوەندی توێژینەوەی (سبەی) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00 کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد رایگەیاند، "راپرسییەکە لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە کراوە و هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەشدارییان کردووە."
باسی لەوەشکرد، راپرسییەکە مانگی ئەیلوول پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن کراوە، تاوەکو بەشداران نەکەونە ژێر کاریگەریی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە، 54% بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن بە ئەگەرێکی بەهێز وەڵامداوەتەوە، 21% بەهێز، 09% مامناوەند، 05% لاواز، زۆر لاواز 07% و 04%ـی بەشداربووانیش بە نادڵنیایی وەڵامیان داوەتەوە.
بە گوتەی ئەو لێکۆڵینڤانە، زۆرینەی ئەوانەی خواستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن نیشانداوە "هاونیشتمانییانی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بوون چونکە ئەوان بەشداریکردن بە ئەرکی نیشتمانی دەزانن."
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە، خواستی هاونیشتمانییان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە هەولێر زۆترینە، لە دوای ئەو پارێزگای دهۆک دێت و لە سلێمانیش کەمترینە.
کاردۆ کەریم لێکۆڵینڤان لە ناوەندی توێژینەوەی (سبەی) روونیشی كردەوە، ئەنجامی راپرسییەکە دەریخستووە دەنگێکی زۆری خۆڵەمێشی هەن کە خۆیان بۆ هیچ لایەنێک یەکلایی نەکردووەتەوە، دەکرێت لە هەڵبژاردن خۆیان لە بەژەوەندی لایەنە بچووکەکانی دەرەوەی پارتەکانی دەسەڵات یەکلایی بکەنەوە.
ناوەندی توێژینەوەی سبەی، گرنگی بە توێژینەوە و شیکاری دەدات كه ئاسانکاری دهكات بۆ گوتاری گشتی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2023 دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە شاری سلێمانییە و کۆمپانیای وشە خاوەندارێتی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ