رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە دوو دووکان کە وەک کۆگەی بۆن لە باکووری رۆژئاوای تورکیا بەکاردەهاتن، کەوتەوە و لە ئەنجامدا 6 کەس گیانیان لەدەستدا و یەکێکیش برینداربوو. تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نادیارە.
رۆژی شەممە 08-11-2025 لە شارۆچکەی دیلۆڤەسی لە پارێزگەی کۆجەئێلی لە باکووری رۆژئاوای تورکیا، ئاگر لە دوو دووکانی بۆنفرۆشتن کەوتەوە.
ئیلهام ئاکتاش، پارێزگاری کۆجەئێلی بە میدیای تورکیای گوت: "شەش هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش رەوانەی نەخۆشخانە کراوە."
نووسینگەی پارێزگاری کۆجەئێلی گوتی، تیمەکانی ئافاد، پۆلیس، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی گەورەشارەوانیی کۆجەئێلی و تیمە تەندروستییەکان دەستبەجێ رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
لە رووداوەکەدا دوو دووکانی ئەو باڵەخانەیە کە وەک کۆگە بەکاردەهێندران گڕیان گرت. دەزگە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە.
دیلۆڤەسی لە دووریی 70 کیلۆمەتر لە ئیستەنبووڵە و شارۆچکەیەکی پیشەسازییە، کە چەندین کۆگە و کارگەی لێیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ