سەرۆکی زانکۆی سۆران: دوو خوێندکار و مامۆستایەکی زانکۆ لە ئەنجامی ئاگرەکە گیانیان لەدەستداوە

09-12-2023
هیدایەت جان
د. شێروان شەریف قۆرتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران.
د. شێروان شەریف قۆرتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، سەرجەم ئەو کەسانەی لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردوو گیانیان لەدەستداوە، بە دووکەڵ خنکاون. سەرۆکی زانکۆی سۆرانیش ناسنامەی چوار کەس لەوانە ئاشکرا دەکات لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە. 
 
شەوی هەینی 8-12-2023 هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ئەمشەو 14 کەس گیانیان لەدەستدا کە 10 کەسیان پیاو و چوارەکەی دیکەیان ئافرەتن".
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، "دوای رووداوەکە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی پێوەکردین و داوای کرد هەرچی توانا و هاوکاری هەیە بیخەینەڕوو بۆ ئەوەی ژمارەی قوربانییەکان لەوە زیاتر هەڵنەکشێت و فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکیش بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە کرد؛ هەروەها فەرمانی کرد لەوەش بکۆڵرێتەوە کە بۆچی ئەم ژمارە قوربانییە هەبووە، لەکاتێکدا سەرجەمی قوربانییەکان بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە خنکاون و هیچیان نەسووتاون".
 
هەڵگورد شێخ نەجیب دەشڵێت، "ئەو باڵەخانەیەی ئاگری گرتووە شوێنی دەرچوونی لەناکاوی هەبووە، بەڵام لەبەرچی بەکارنەهێنراوە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە لێکۆڵینەوە دەکەین و دەرئەنجامەکان بۆ رای گشتی و هاووڵاتییان رادەگەیەنین".
 
هاوکات سەرۆکی زانکۆی سۆران ناسنامەی چوار لەو هاونیشتمانییانەی ئاشکرا کرد کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و گوتی، سێ لەوان لەسەر میلاکی زانکۆی سۆرانن.
 
د. شێروان شەریف قۆرتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران بە رووداوی راگەیاند، "ئەو باڵەخانەیەی ئاگری گرتووە پەیوەندی بە زانکۆی سۆرانەوە نەماوە و سێ ساڵە بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێنماییەکانی سەلامەتی وەکو بەشە ناوخۆیی زانکۆ گرێبەستمان لەگەڵ نوێ نەکردووەتەوە".
 
د. شێروان شەریف قۆرتاس لەبارەی ناسنامەی ئەو هاووڵاتیانەی گیانیان لەدەستداوە گوتی، "یەکێک لە مامۆستاکانی بەشی یاسا بە ناوی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئیلهام کە عەرەبە، لەگەڵ براکەی کە خوێندکاری خوێندنی دکتۆرایە؛ هەروەها خوێندکارێکی خوێندنی بەشی عەرەبی کە قوتابی ماستەر بوو کە خۆی و خێزانەکەی گیانیان لەدەستداوە، واتە دوو خوێندکار و مامۆستایەکی زانکۆی سۆران لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.