رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە ناوچەکە کردووە و سبەی سێشەممە کاریگەرییەکەی بەهێزتر دەبێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی گەرمیان، سلێمانی و هەولێر، کە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و روودانی لافاو هەیە.
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە ئەمشەو (دووشەممە) بارانبارین بە شێوەی جیاجیا لە زۆربەی ناوچەکان دەبێت، بەڵام سبەی سێشەممە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە شەپۆلەکە بەهێز دەبێت و دەبێتە هۆی بارانی مامناوەند و لێزمەبارانی بەردەوام، کە لە هەندێک کاتدا هەورەتریشقەشی لەگەڵدا دەبێت.
کەشناسی پێشبینی کردووە سبەی سێشەممە بڕی بارانبارین لە ناوچەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بێت:
- پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین 35-45 مللیمەتر و ئیدارەی گەرمیان 45-65 میلیمەتر
- پارێزگای هەولێر: سەنتەری هەولێر 15 - 20 مللیمەتر، ئیدارەی سۆران و پیرمام 25 - 35 مللیمەتر و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان 45-55 مللیمەتر.
- پارێزگای کەرکووک: 35-45 مللیمەتر.
- پارێزگای دهۆک: سەنتەری دهۆک 5 - 8 مللیمەتر، سەنتەری زاخۆ 7-10 مللیمەتر، ئاکرێ 10-15 مللیمەتر و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان 10 - 20 مللیمەتر
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی هۆشداری داوەتە یەکە ئیدارییەکانی هەولێر، سۆران، سلێمانی، راپەڕین، گەرمیان و هەڵەبجە، ئامادەکاری بکەن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو، بەتایبەت کە بڕی بارانبارینەکە لەو ناوچانە زۆر دەبێت.
کەشناسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کاریگەری ئەم شەپۆڵە تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت و دواتر بەرەو لاوازی دەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ