رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمەودوا بە زمانی کوردی رێنوێنی پێشکێشی حاجیان و عومرەکارانی هەرێمی کوردستان لە سعودیە دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە کە ئەو داوای زیادکردنی زمانی کوردی کردووە دەڵێت، بە بەرپرسانی سعودیەی گوتووە، زمانی کوردی زمانی 40 ملیۆن مرۆڤە و ئەوانیش پێشوازییان لە داواکەی کردووە.
رۆژی سێشەممە 09-01-2024، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە کۆنگرە و پێشانگەی کاروباری حەج و عومرەدا کە لە جەدەی سعودیە بەڕێوەدەچێت، "لە ھەنگاوێکی گرنگدا" و لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە لە کۆنگرەکەدا، وەزیری کاروباری حەج و عومرەی سعودیە رەزامەندیدا لەسەر زیادکردنی زمانی کوردی بۆ رێنوێنییەکانی حەج و عومرە.
نیاز شیخ راغب، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە شاری جەدەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر لە حەرەمی مەککەدا رینوێنی ئایینی بە زۆرینەی زمانەکانی جیهان هەبوو کوردی نەبێ، ئەمڕۆ کە وەزیری حەج و عومرەی سعودیە و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆنگرەکەدا ئامادەبوون داوامکرد زمانی کوردیش بۆ رێنوێنییەکان زیاد بکرێت کە زمانی 40 ملیۆن مرۆڤە و ساڵانە سەدان هەزار کورد دەچنە سعودیە".
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی سعودیە پێشوازییان لە داواکەی کردووە و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەستپێبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ