رووداو دیجیتاڵ
قەهار شێخانی، کتێبێکی شیعریی لەژێر ناوی (پەنجەرە شکاوەکانی پاییز) بڵاوکردەوە.
قەهار شێخانی ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت: "کتێبەکە زیاتر لە 60 دەقە شیعری لەخۆ دەگرێت و دەبێتە یەکەم کتێبی چاپکراوم".
غەریب پشدەری شاعیر پێشەکی بۆ کتێبەکە نوسیووە، هیوا مەلا کەریم دیزانی بەرگ و ئیسماعیل جاف دیزاینی ناوەوەی کتێبەکەی کردووە.
نێوەڕۆکی دەقە شیعرییەکانی قەهار شێخانی گوزارشتن لە بواری جیاجیا و نووسینەوەی واقیعی ژیان لە رێی ژانری شیعرییەوه.
بەشێکی لە شیعرەکانی نێو کتێبی پەنجەرە شکاوەکانی پاییز کراون بە گۆرانی. وەکو شاعیرەکە دەڵێت، کتێبەکە دەبێتە یەکەمین کتێبی چاپکراوی خۆی.
کتێبەکە لەسەر ئەرکی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر چاپکراوە و ئەمەی خوارەوە دەقی یەکێک لە شیعرەکانی شاعیرە، کە لەسەر بەرگی کتێبەکەی چاپیکردووە:
لەو رۆژەوەی تۆ رۆیشتووی
ئەستێرە نایەنە ژووانم
سەر کۆڵمەم ماچباران ناکەن
پەپوولەی لای ئێوارانم
بوومەتە هاوڕێی پاییز و
لەگەڵ گەڵا هەڵدەوەرێم
نە مانگ دەستی هانا دێنێ و
نە بزەیەک دێتە سەر رێم
عەبدولقەهار کەريم عومەر
دەرچووی ئامادەيی بازرگانيیە، ساڵی 1989 دەستی بەنووسينی شيعر کردووە. ساڵی 1998 يەکەم شيعری لە ژمارە (61) ی گۆڤاری (هەنگ) بڵاوکردووەتەوە کە شيعرێکی منداڵان بووە. ساڵانی 2003 - 2005 بەرپرسی بەشی ئەدەب و رۆشنبيری بووە لە دەزگای رۆشنبيری گۆنا و گۆڤاری گۆنا.
لە ساڵی 2008 بەشداریی يەکەم فێستيڤاڵی شيعری نەتەوەکانی شاری کەرکووکی کردووە و لەوێ خەڵاتی تايبەتی فێستيڤاڵی وەرگرتووە.
لە چەندين پێشبڕکێی شيعری وەک ئەندامی لێژنەی هەڵسەنگاندنی بەرهەمە شيعرييەکان دەستنيشان کراوە.
ساڵی 2009 سەرپەرشتیی يەکەم فێستيڤاڵی ئەدەبیی رێکخراوی تواناکانی لاوان بووە.
ئەندامی کارای سەنديکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە و ئەندامی فيدراسۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتيیە.
تائێستا 11 شيعری لەلایەن هونەرمەندانەوە کراوەتە گۆرانی و ساڵی 1999 يەکەم بەرهەمی شيعریی خۆی بەناوی (فرمێسکی شيعر) بڵاوکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ