فڕۆکەخانەی کەرکووک بۆ گەشتی شەوانە ئامادە دەکرێت

09-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تیمی کۆمپانیایەکی نیوزیلاندی بۆ پشکنینی ئامێرە هەستیارەکان گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی شەوانە لە فڕۆکەخانەکەدا.
 
تیمی هونەریی کۆمپانیای (Radiola)ـی نیوزیلاندی، لە دوێنێوە دەستیان بە پشکنینی وردبینی ئامێرەکانی رێنمایی ئاسمانی و سیستمی نیشتنەوە کردووە.
 
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و گوتەبێژی فڕۆکەخانەی کەرکووک، رۆژی یەکشەممە 09-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەکی سەرەکییە بۆ ئەوەی بتوانین گەشتە ئاسمانییەکانی شەوانە لە فڕۆکەخانەکەمان دەستپێبکەین."
 
بەگوتەی هەردی سەمەد، تیمەکە بۆ ماوەیەک لە کەرکووک دەمێننەوە و دوای تەواوبوونی پشکنینەکان، راپۆرتێکی ورد لەبارەی دۆخی فڕۆکەخانەکە ئاراستەی رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانیی جیهانی دەکەن.
 
گوتەبێژی فڕۆکەخانەکە گوتی، ئەم پشکنینانە بەشێکن لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ دڵنیابوون لە کارایی و ئامادەیی سیستمەکانی پەیوەندیکردن و گەشتکردنی ئاسمانی. جگە لەوەش رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی فڕین و دابینکردنی پەیوەندییەکی بێوێنە لە نێوان چاودێرانی ئاسمانی و فڕۆکەکان، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
 
پێشتر بەهۆی هەندێک کەموکورتییەوە گەشتی شەوانە لە فڕۆکەخانەی کەرکووک نەکراوە، بەڵام بە گوتەی هەردی سەمەد، "ئێستا سەرجەم پێداویستییەکان دابینکراون و کێشەکان چارەسەرکراون. ئێستا فڕۆکەخانەکەمان بەتەواوی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی گەشتی شەوانە."
 
بەپێی ئەو ئامادەکارییانە، بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە گەشتی ئاسمانیی شەوانە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک دەستپێدەکات.
 
فڕۆکەخانەی کەرکووک لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2022 بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوەی ئەوکاتەی عێراق کرایەوە و یەکەم گەشتی نێودەوڵەتی لە هەمان مانگدا بەرەو تورکیا کرا.
 
لە فڕۆکەخانەی کەرکووک هەفتانە نۆ گەشتی هاتن و چوون بۆ ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە دەکرێن، بەڵام هیچ گەشتێکی بۆ ناوخۆ نییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە