رووداو دیجیتاڵ
بەمەبەستی بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی کانی سێوی پیرانشار دەستیپێکرد؛ بەڕێوەبەری ئاوی ورمێش هۆشداری دەداتە جووتیاران کە ئاوەکە بۆ ئاودێری بەکارنەهێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 09-02-2026، مەجید رەستگاری، بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: "پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی کانی سێو بە مەبەستی بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ کەوتووەتە گەڕ."
سەبارەت بە وردەکاریی پڕۆژەکە، مەجید رەستگاری ئاماژەی بەوە کرد کە لە رێگەی کەناڵێکەوە لە هەر چرکەیەکدا 10 مەتر سێجا ئاو بۆ دەریاچەی ورمێ دەگوازرێتەوە. هەروەها داوای لە جووتیاران و دانیشتووانی ئەو گوندانە کرد کە دەکەونە سەر رێڕەوی کەناڵەکە، "خۆیان لە نزیکبوونەوە لە کەناڵەکە بەدوور بگرن و بە هیچ شێوەیەک ئاوەکە بۆ مەبەستی ئاودێری بەکارنەهێنن."
بەنداوی کانی سێو دەکەوێتە 10 کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی شاری پیرانشار و لەسەر رووباری زێی بچووک دروستکراوە. بەنداوەکە توانای گلدانەوەی 713 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
دەریاچەی ورمێ کە رۆژانێک رووبەرەکەی شەش هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە بوو، لە ساڵی 2005ـەوە رووی لە پاشەکشە کردووە. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی ئێران، ئێستا رووبەری دەریاچەکە بۆ کەمتر لە 800 کیلۆمەتر چوارگۆشە کەمبووەتەوە.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا 27 پڕۆژەی جیاواز بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەکە جێبەجێکراون، بەڵام هێشتا مەترسیی وشکبوونی یەکجاری لەسەرە و ئەم پڕۆژەیەی بەنداوی کانی سێو بە یەکێک لە هیواکانی ژیاندنەوەی دەریاچەکە دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ