جارێکی دیکە چەندین کچ لە ژمارەیەک قوتابخانەی رۆژهەڵاتی کوردستان ژەهراوی دەبنەوە

10-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
کەسوکاری قوتابیان لەبەردەم قوتابخانەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان
کەسوکاری قوتابیان لەبەردەم قوتابخانەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان
نیشانەکردن ئێران سەرپۆش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جارێکی دیکە قوتابیانی چەند قوتابخانەیەکی دیکەی کچان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژەهراوی بوونەوە. لە قوتابخانەی مێعراج لە سەقز، بە گوتەی شایەتحاڵان زیاتر لە 50 قوتابیی کچ ژەهراوی بوون و ژمارەیەکیان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ژەهراویبوونی کچان لەو قوتابخانە، کەسوکاری قوتابیان و ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
 
لە ژمارەیەک قوتابخانەی سنەش باس لە ژەهراویبوونی ژمارەیەک لە قوتابیانی کچ و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەکان دەکرێت. لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 20 قوتابخانەی دیکە لە نەغەدە، ورمێ، سنە، سەقز، دیواندەرە و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ژەهراوی بوون، بەڵام لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان بۆ ژەهراویبوونی کچان دەڵێت، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی پەروەردە باس لەوە دەکات "قوتابیان بە ئەنقەست وا دەنوێنن ژەهراوی بوون."
 
بە گوتەی حەمیدڕەزا کازمی، نوێنەری پولدوختەر لە پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی لیژنەکە، پێویستە قوتابخانەکان رێکارێک بگرنەبەر کە نەهێڵن قوتابیان "خۆیان وا نیشان بدەن ژەهراوی بوون."
 
ژەهراویبوونی کچانی قوتابی لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی رابردووەوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و لەو کاتەوە، سێ دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان و حکومەتی ئێران بڕیاری لێکۆڵینەوە لەو بابەتە و بەدواداچوونی جیدییان بۆ کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، نەخراونەتەڕوو و هۆکارەکانیش دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەموو بابەتێک جگە لە ژەهراویکردنی قوتابییان.
 
وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە دوایین راگەیێندراویدا باس لەوە دەکات، لە پێش ساڵی نوێوە، لیژنەیەکی زانستییان پێکهێناوە کە 30 پسپۆڕی بوارە جیاوازەکانی تەندروستی لەخۆدەگرێت.
 
سەعید کەریمی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران لەو بارەوە دەڵێت، پسپۆڕەکان راپۆرتی تەواویان لەسەر ژەهراویبوونی قوتابیان کۆکردووەتەوە و ئەنجامەکەی لەگەڵ رۆژانی سەرەتا گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان کەمتر لە 10%ی قوتابیان تووشی هەناسەسواری، کۆکە و نیشانەکانی دیکەی ژەهراویبوون بوون و ئەوانەی دیکە تووشی سترێس و دڵەڕاوکێ بوون.
 
بەگوێرەی راپۆرتی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، تەنیا رۆژی شەممە 360 قوتابی لە 10 قوتابخانەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژەهراویبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".