رووداو دیجیتاڵ
ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر جەستەی کۆمەڵگەی کوردی دادەخورێنێت. گەنجانێک کە دەبوو ببنە وزە و هیوا بۆ داهاتوو، دەکەونە داوی ئەو دەردە کوشندەیەوە و ژیانی خۆیان و دەوروبەریان وێران دەکەن.
لە هەڵەبجەوە چیرۆکی دوو قوربانیی دەستی مادە هۆشبەرەکان دەگێڕینەوە و گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرین. ئەوان پەشیمانن و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن. هەروەها پەیامیان ئەوەیە گەنجان خۆیان نەخەنە ئەو داوەوە.
لە 15 ساڵییەوە لەناو چنگی ماددە هۆشبەرەکاندا
"تەمەنم 21 ساڵە و لە 15 ساڵییەوە ئالودەی ماددە هۆشبەرەکان بووم." ئەمە سەرەتای قسەکانی گەنجێکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت. لە ماوەی پێنج ساڵدا، سێ جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، "هەر جارێک ئازاد دەبووم، نەمدەتوانی دەستبەرداری ببم، بۆیە دواجار کونجی زیندان بووەتە ماڵ و حاڵم."
ئەو گەنجە، کە تاوەکو پۆلی حەوتی بنەڕەتی خوێندووە، مردنی دایکی و کۆمەڵێک کێشەی خێزانی بە هۆکاری سەرەکیی رووکردنە ماددە هۆشبەرەکان دەزانێت. "لە ساڵی 2020 دەستگیرکرام. ژیانم وێران بوو. سەرەتا بە خۆڕایی پێیان دەدام، وا هەستت دەکرد زۆر پیاون، بەڵام دواتر کاریان پێتدەکرد و دەبوو بۆیان بکەیت. تەنانەت کاتێک چوومە دەرەوەی وڵاتیش، دیسان دەستم پێکردەوە."
ئەو ئێستا پەشیمانە و دەڵێت، "ئەو قەناعەتەم بۆ دروستبووە کە وازبهێنم، بەڵام هاوڕێکانم وازناهێنن. خۆمان وا نەکەین، کەس بە زۆر پێمان ناکات، بەڵام بەدبەخت بووم کە تووشی ئەمە بووم. من نەخۆشێکم، ئالودەبوویەکم و دەردەسەری دەچێژم. پێویستم بە چارەسەرە."
ئازارەکانی ئەو گەنجە تەنیا جەستەی و دەروونی نین، بەڵکو کۆمەڵایەتیشە. دەڵێت، "بۆ فرۆشتن و بازرگانی نەبووە، تەماحی پارەم نەبوو، بەڵام ئەم دەردە لە هەموو کەسێکت دەکات؛ لە خوشک، برا، باوک. من دڵی هەموو کەسم لەدەستداوە، کەس سەردانم ناکات، ناحەقیشیان ناگرم، بۆ بێن بۆ لام؟ خوشک و براکانم قسەم لەگەڵ ناکەن. تەنیا ئاواتم ئەوەیە خوشکێکم بێتە سەردانم."
لەسەر جادە دەخەوم و داوای شوێنی چارەسەر دەکەم
بەکارهێنەرێکی دیکەی ماددە هۆشبەرەکان، کە تەمەنی 38 ساڵە و چوار جار دەستگیرکراوە، چیرۆکێکی هاوشێوەی هەیە. "من لە رێگەی هاوڕێیەکمەوە تووش بووم، خۆیشی هەر بەم دەردەوە مرد. لە ساڵی 2009ـەوە فێربووم. ژیانم تێکچووە، لەسەر جادە دەخەوم، دەربەدەر بووم."
ئەو باس لەوە دەکات کە خێزانەکەی ویستوویانە ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت، "بەڵام کە خۆم ئالودەبووم، گوتم با کەسی دیکە بە خۆمەوە تووش نەکەم." ئەم پیاوە، کە تەنیا کاری کێشانی ماددەی هۆشبەری کردووە و سێ جار لەسەر بەکارهێنانی دەستگیرکراوە، ئێستا زۆر پەشیمانە. "یەکەم جار بە حەب دەستمپێکرد، دواتر تلیاک، پاشان حەشیش و ئێستاش شیشە [کریستاڵ]."
ناوبراو کە پێشتر کرێکاری کردووە و پلاستیک و کەرەستەی کۆنی کۆکردووەتەوە بۆ بژێوی ژیانی، ئێستا تەنیا باوکێکی پیری هەیە کە ئەویش بە یارمەتی خەڵک دەژی. دەڵێت، "ئەگەر شوێنێک هەبێت چارەسەری تێدا وەربگرین زۆر باشە. بیرمکردووەتەوە بچمە شوێنێک وازبهێنم، بەڵام ئەوەش پارەی دەوێت. ئەم دەردە لە مرۆڤایەتی دوورتدەخاتەوە. باوکم تا دێت بۆ لام و دەگەڕێتەوە هەر دەگری. پارە لە هاوڕێکانم وەردەگرم بۆی دەبەم. بیردەکەمەوە چۆن نەمتوانی پارە پەیدا بکەم و باوکم بژێنم. گەنج هەبووە منداڵ بووە، ئامادەبووم نوشتاومەتەوە و قاچی خەڵکم ماچکردووە تەنها بۆ ئەوەی تووشی ئەم دەردە نەبێت."
کچان و ژنانیش قوربانین
بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان تەنها تایبەت نییە بە کوڕان و پیاوان. بەپێی زانیارییەکانی هێزە ئەمنییەکان، ژمارەیەک لە کچان و ژنانیش تووشی ئەم دەردە بوون و دەستیان بەم ماددانە دەگات. هەرچەندە ئاسایش جەخت لەوە دەکاتەوە کە رێوشوێنی تووندیان گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی زیاتری.
ئامارە فەرمییەکانی ئاسایش
عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر تەنیا بە رووبەڕووبوونەوە و دەستگیرکردنی بازرگانان کۆتایی نایێت، بەتەنیا ئاسایش بەس نییە، پێویستمان بە بەرنامەی هۆشیاری هەیە لە سێکتەرە جیاوازەکان تاوەکو پێکەوە لە رێگەی پڕۆگرامێکی بەهێزەوە رووبەڕووی ببینەوە.
لە ساڵی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەزار و 19 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە.
هەروەها، لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا،388 کەس دەستگیرکراون. لەو ژمارەیە، 173 کەسیان بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بوون و 143 کەسیان بازرگان بوون، 72 کەسیشیان بازرگانی نێودەوڵەتی بوون."
ئەو ئامارانە مەترسیی دۆخەکە و پانتایی کێشەکە دەردەخەن و پێویستیی هەنگاوی جدیتر و گشتگیرتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە دووپات دەکەنەوە.
داواکاریی سەرەکیی قوربانییەکان، دابینکردنی شوێنی گونجاو و چارەسەری زانستییە، نەک تەنها سزادان و زیندانیکردن، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، "ئێمە نەخۆشین، پێویستمان بە چارەسەرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ