خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان موبەریدە دەکڕن و پشت لە بەکارهێنانی سپلیت دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە بۆ کڕینی موبەریدە لەبری بەکارهێنانی سپلیت، ئەوەش لە کاتێکدایە خەڵک زیاتر مەبەستییانە ئەو ئامێرانە بەکاربهێنن کە کارەبای کەمتریان دەوێ. 
 
لە چەند ساڵی رابردوودا خواستێکی زۆر لەسەر سپلیت بوو بۆ فێنککردنەوە، بەڵام دوای ئەوەی پڕۆژەی (رووناکی) چووە واری جێبەجێکردنەوە و کارەبا بووە 24 کاژێری، ئێستا هاونیشتمانییان جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ کڕینی موبەریدە.
 
حاجی نەزیر حاجی جەلیل، خاوەنی بەرهەمی (سوپەر پاوەر) کە بەرهەمێکی نێوخۆیی موبەریدەیە لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەراورد بە پێشتر، ئەم ساڵ کڕینی موبەریدە لەلایەن خەڵکەوە زۆر زیادیکردووە، ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی کارەبای زۆر کەمتری دەوێ لە سپلیت."
 
موبەریدە زیاتر لە چین و ئێرانەوە هاوردە دەکرێ؛ هەروەها ئێستا دوو کارگەی نێوخۆیی لە شاری هەولێر موبەریدە بەرهەم دەهێنن و جگە لە پێداویستی نێوخۆ، بەشێکیش هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکەن.
 
حاجی نەزیر دەڵێ، "موبەریدەی نێوخۆ کواڵیتی زۆر لەوانە بەرزترە کە هاوردە دەکرێ. لێرە مادەی پلاستیکی خاو بەکاردەهێندرێ کە زۆر جیاوازە لەوەی هاوردە دەکرێ."
 
ئەو کاسبکارە گوتی، "ئێمە جگە لە موبەریدە سپلیتیش دەفرۆشین، بەڵام ئەم ساڵ خەڵک زۆرینە موبەریدەی دەوێ. موبەریدە تێچووی کەمترە و کارەباشی کەمتر دەوێ، ئەمەش زیاتر دوای پڕۆژەی رووناکی زیادیکردووە."
 
هەروەها ژیار تارق، خاوەنی کۆمپانیای (یارکۆ) بۆ فرۆشتنی ئامێرە کارەباییەکان لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە سپلیت و موبەریدەش دەفرۆشین. بەراورد بە ساڵانی پێشوو، کڕینی موبەریدە زۆر زیادیکردووە."
 
ژیار تارق گوتی، "ئەم ساڵ زۆرترین خەڵک موبەریدە دەکڕێ، چونکە تێچووی کەمترە و کارەباشی کەمتر دەوێ. خەڵک دەیەوێ پارەی کەمتری بۆ بێتەوە."
 
ئەو کاسبکارە ئاماژەی بەوەکرد، جگە لەوانەی لە شوقەکاندا دەژین و ناچارن سپلیت بەکاربێنن، ئێستا زۆرینەی هاونیشتمانیان موبەریدە دەکڕن.
 
ژیار تارق دەڵێت، "سپلیت نرخی 400 دۆلار بەرەو سەرەوەیە و بۆ یەک ژوورە، هەروەها کارەبایەکی زۆری دەوێ، لەکاتێکدا بە یەک موبەریدە دەتوانرێ تەواوی ماڵێک فێنک بکرێتەوە و کارەبایەکی کەمتریشی دەوێ."
 
لەبارەی نرخی موبەریدەوە خاوەنی کۆمپانیای یارکۆ گوتی، "موبەریدە هەیە بە 200 دۆلارە، بەڵام بۆ فێنککردنەوەی یەک ژوور بەکاردێ، هەمانە 400 دۆلارە و تەواوی ماڵەکە فێنک دەکاتەوە."
 
لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاژێری گەیاندووەتە 85%ی دانیشتووان. بەرپرسانی پڕۆژەکە داوا لە هاونیشتمانیان دەکەن، بۆ ئەوەی پارەی کەمیان بۆ بگەڕێتەوە ئەو ئامێرانە بەکاربهێنن کە بۆ کارکردن کارەبای زۆریان ناوێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە