رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە لە پێشنیازی گەڕاندنەوەی 10٪ی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پاشگەز بووبنەوە و دەڵێت، "داکۆکی لە مانەوەی ئەو بڕگەیە دەکەین و داوا لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەکەین لەکاتی خوێندنەوەی بڕگەکە دەنگی پێبدەن."
رۆژی هەینی 9ـی حوزەیرانی 2023 نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی روون دەکەینەوە، وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپات لە پێشنیازەکەمان بۆ گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەکەینەوە کە لە رۆژی 25-05-2023 لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی پێدراوە."
نەرمین مەعروف کە لە کاتی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا ئەندامانی دیکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە دەوروبەری وەستابوون، دەڵێت، "هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن ئێمە پاشگەز بووبینەوە لە پێشنیازەکەمان" و رایدەگەیێنێت، "جارێکی دیکە بۆ رای گشتی، هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دووپات دەکەینەوە، وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داکۆکیکاری مافەکانی هەموو خەڵکی کوردستان دەبین، بە تایبەتی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران کە قەرزێکە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان."
نەرمین مەعرووف گوتی، "داکۆکی لە مانەوەی بڕگەی پێدانەوەی 10٪ی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەکەین و داوا لە هاوڕێیانمان و ئەندامانی فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی عێراق دەکەین پشتگیری ئەو داواکارییەمان بکەن و لە کاتی خوێندنەوەی بڕگەکەدا دەنگ بۆ جێگیرکردنی بدەن."
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی 9ـی حوزەیرانی 2023، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕگەی پاشەکەوتی مووچە لە پڕۆژەیاسای بودجە لابرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ