رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی دەروونناسانی ئێران، بەریتانیا و ئەمریکا دەڵێت، لە شەش مانگی رابردوودا لە بەریتانیا 11 کورد خۆیان کوشتووە کە زۆرینەیان لە رەگەزی نێر بوون.
دکتۆر کاوە داوەری، ئەندامی ئەنجوومەنی دەروونناسانی ئێران، بەریتانیا و ئەمریکا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال باسی لە دۆخی دەروونی هاونیشتمانییانی نیشتەجێی بەریتانیا کرد و ئاماژەی بەوە دا کە خەمۆکی بووەتە دیاردەیەکی بڵاو.
دکتۆر کاوە داوەری، کە پسپۆڕێکی دەروونییە، دەڵێت: "بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستماندایە، لە شەش مانگی رابردوودا 120 کورد لە بەریتانیا هەوڵی خۆکوژییان داوە کە 11 کەسیان گیانیان لەدەست داوە و هەوڵی ئەوانی دیکە سەرکەوتوو نەبووە".
ئەو پزیشکە گوتی، سێ لەسەر چواری ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە لە رەگەزی نێر بوون؛ هۆکاری سەرەکیی خۆکوژییەکەشی گەڕاندەوە بۆ "رانەهاتن لەگەڵ کولتووری نوێی وڵاتەکە"، بەتایبەتی کە زۆرینەی ئەوانەی هەوڵی خۆکوژییان داوە ئەو کەسانەن لە کەمتر لە پێنج ساڵدا گەیشتوونەتە بەریتانیا.
کاوە داوەری دەڵێت: "جگە لە خەمۆکی و خۆکوژی، ژمارەی کورد لە زیندانەکانیش زیادی کردووە، بەتایبەت لە ماوەی رابردوودا پۆلیس سەرنجی زیاتری خستووەتە سەر کوردەکان و چەندین شوێنی کاری بە تۆمەتی کارکردنی نایاسایی داخستوون".
ئەو پسپۆڕە هۆکاری پەنابردن بۆ کاری نایاسایی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو "خەیاڵەی گەیشتن بە پارە و سامانی خێرا" کە کۆچبەر لە سەرەتاوە نەخشەی بۆ دەکێشێت. گوتیشی، کاتێک ئەو تاکە دەگاتە ئەورووپا، دەیەوێت بە زووترین کات بەو ئامانجە بگات، بەڵام ئەمە لەگەڵ یاساکانی بەریتانیادا یەکناگرێتەوە کە رێگە بە دەوڵەمەندبوونی خێرا و نایاسایی نادات".
ئەم گوتەیە لەکاتێکدایە، بەپێی داتاکانی حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2023دا 7055 رووداوی خۆکوژی لە وڵاتەکەدا تۆمار کراون، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشتر 7.1٪ زیادیکردووە، هەرچەندە ئامارەکە لە ساڵی 2024 کەمتربووە و گەیشتووەتە 6176 کەیس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ