گەشتوگوزاری سۆران: پێشبینی هاتنی 25 هەزار گەشتیاری رۆژانە دەکەین

09-07-2022
بەختیار قادر
بەختیار قادر
گەشتوگوزاری سۆران: پێشبینی هاتنی 25 هەزار گەشتیاری رۆژانە دەکەین
گەشتوگوزاری سۆران: پێشبینی هاتنی 25 هەزار گەشتیاری رۆژانە دەکەین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو گەشتیاری دانیشتووی بەغدا کە یەکەم جاریانە هاوینە هەواری بێخاڵ دەبینن، خاوەن ناوچەیێکی گەشتیاری باسی لایەنی گەشتیاری ناوچەکەیان بۆ دەکات. ئەنیس ئیسماعیل و قوسەی برای لەگەڵ خێزانەکەیان چوونەتە باشووری کوردستان. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت، پێشبینی هاتنی 25 هەزار گەشتیاری رۆژانە دەکەن.
 
ئەنیس ئیسماعیل، گەشتیار بە رووداوی گوت: "کەشوهەوای ئێرە زۆر باشە بە تایبەتی لە هاوین، پلەی گەرما لە بەغدا بەرزە، بەڵام لێرە باشترە، کەشوهەوای ئێرە هێندە خۆشە کە دوای تەواوکردنی خوێندنی کۆتایی ساڵ زۆر پێویستە گەشتێکی درێژخایەن بکەیت و بێیتە ئێرە، لەڕووی دەروونیشەوە ئاسوودە دەبیت."
 
قوسەی ئیسماعیل، گەشتیار باسی لەوە کرد: "پلەی گەرمای ئێرە زۆر جیاوازە لە پلەی گەرمای بەغدا، تەنانەت قەرەباڵخییەکەشی بەراورد بە بەغدا جیاوازە، بێخاڵ یەکێکە لە جوانترین سەیرانگەکانی هەولێر."
 
لە تەواوی ناوچە گەشتیارییەکاندا، ئامادەکاری بۆ گەشتیاری پشووی جەژنی قوربان دەکرێت.
 
لاوین جەبار، خاوەن ناوچەیێکی گەشتیارییە و باس لەوە دەکات: "چاوەڕێدەکەین ژمارەی گەشتیاران زۆر بەرزبێتەوە، بۆیە کارێکمان کردووە کە بتوانین شوێنی حەوانەوە و خواردن و خواردنەوەی تەواو ئامادەبکەین و باشترین خزمەتگوزاری پێشکێش بە گەشتیاران بکەین."
 
هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ژمارەی گەشتیارانیش زیاد دەکات، بەوپێیەی پشووی جەژنی قوربانیش لە رۆژە گەرمەکانی ساڵە، بۆیە چاوەڕێدەکرێت لە پشووەکەدا زیاتر لە 150 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکەن.
 
بارزان محەممە، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت: "بۆ هەر رۆژێک زیاتر لە 25 هەزار گەشتیار دەگاتە سنوورەکە و لە پشووەکەدا چاوەڕێی سەرووی 150 هەزار گەشتیار دەکرێت."
 
لە سنووری ئیدارەی سۆران 160 ناوچەی گەشتیاریی تۆمارکراو هەن، لە گوند و کۆمەڵگە گەشتیارییەکاندا سێ هەزار سەرینی خەوتن هەیە، لە هاوینەهەوارەکاندا پێنج هەزار کەپر هەن کە زۆربەیان بۆ پشووی جەژن گیراون و گەشتیاریان بۆدەچێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە