رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەڵێت، جۆرە بووکەڵەیەک بە ناوی لابووبوو کە بووەتە هۆی "چەواشەکاری و بارگرانی خێزانەکان" قەدەخەکرا. راشیگەیاند "لە دوێنێوە 4000 بووکەڵە دەستی بەسەردا گیراوە".
رۆژی چوارشەممە، 9ـی تەممووزی 2025، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەبەر دوو هۆکار بووکەڵەی لابووبوو لە هەولێر قەدەخەکراوە، یەکەمیان بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی چەواشەکاری و بارگرانی خێزانەکان، بارودۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان باش نییە و نرخی بووکەڵەکان گرانن؛ یەک رەنگی خواستێکی زۆری منداڵانی لەسەرە، بۆیە خێزانەکان ناچارن چەند دانەیەکی بکڕن، تاوەکو رەنگی دڵخوازی منداڵەکانیان دەردەچێت".
لەبارەی هۆکاری دووەم هۆگر عەلی دەڵێت، شێوەی بووکەڵەکە لەگەڵ داب و نەریتی کوردستان ناگونجێت، هەروەها یەکێتی زانایان رایگەیاندووە: 'ئەگەر بە مەبەستی شانس و بەخت گرتنەوە بێت حەرامە'.
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر گوتی: "لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، 4000 بووکەڵە دەستی بەسەردا گیراوە، 7 دووکانیش سزادراون و کۆگایەکی بووکەڵەکەش داخراوە".
وەک هۆگر عەلی دەڵێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەولێر هەڵمەتێکی چڕیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی بووکەڵەی لابووبوو دەستپێکردووە، تاوەکو یەک بووکەڵە مابێت بەردەوام دەبن.
5ـی تەممووزی 2025، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کڕینی ئەو بووکەڵەیە بە مەبەستی شانس و بەختگرتنەوە حەرامە".
لابووبوو بووکەڵەیەکی دروستکراوی چینە، لە ناو کیسێک یان پاکەتێکدایە، کۆمەڵێک رەنگی جۆراوجۆری هەیە و پێش ئەوەی پاکەتەکە هەڵبپچڕیت نازانیت چ رەنگێکە و هەندێک رەنگ بەمەبەستی شانس بەکاردەهێندرێن، بەشێکی زۆری خەڵکی بەتایبەتی کچان لە هەموو جیهانەوە بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە.
لابووبوو کارەکتەرێکی خەیاڵیی نێو فیلمی منداڵانە، وەکو کارەکتەرێک لە چەندین فیلمی ئەنیمەیشنیدا دەرکەوتووە، بەتایبەتی لە زنجیرەی (The Monsters).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ