رووداو دیجیتاڵ
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی دەڵێت کێشەکانی یەکێتی و رووداوەکانی دوای 8ی تەمموز بوونەتە مایەی نیگەرانی بۆ خەڵک، نەدەبوو یەکێتی خۆی بخاتە بەر لۆمەی خەڵک، داواش دەکات بە لێژنەی لێکۆڵینەوەی حیزبی یان حکومی بێت کێشەکان یەکلاییبکرێنەوە و کۆتایی پێبهێنرێت، ئیدی بڕیاری لێخۆشبوون یان سزا بدرێت و کۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی ئابی 2021، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند: "ئێستا دڵسۆزی و پەرۆشی لەوەدایە چەندە دەبیتە بەشێک لە چارەسەر بۆ کورد و کوردستان، نەک تەرەفگیری و خۆهەڵواسین بەم لێپرسراو و ئەو لێپراوسراودا.. ببیتە بەشێکی چارەسەری نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، نەک ببیتە مایەی قوڵکردنەوەی کێشە و ئازارەکان کە ئەمەیان دواجار مایەی شەرمەزاری مێژووە".
سەبارەت بەهەڵوێستی خۆشی لەبارەی کێشە نێوخۆییەکانی نێو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە سەرەتاکەی بۆ رۆژی 8ی تەمموز دەگەڕێتەوە کاتێک بەهۆی گۆڕینی بەرپرسانی دەزگاکانی دژەتیرۆر و زانیاریەوە هاوسەرۆکانی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی کەوتنە تۆمەتبارکردنی یەکدی و نزیک بوو لە بەکارهێنانی هێز لەدژی یەکدی، مەلا بەختیار گوتی "ھەموومان پەرۆشی ئەم دۆخەین، کە نەدەبوو ئەم یەکێتییە گەورە و گرانە، خۆی بخاتە بەردەم لۆمەی خەڵک".
مەلا بەختیار هەروەها دەڵێت" دڵسۆزی پەرژینێکە لەبەردەم پلانگێڕییەکاندا، ھەر بۆیە بەم دڵسۆزییەش دەتوانیین ھەڵبسینەوە و کێشەکانی چارەسەر بکەین".
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەو قسانەی بۆ ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی تیرەی میکایەلی هۆزی جاف کردووە، کە ئەمڕۆ دووشەممە سەردانیان کردبوو.
دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر سەرەتای کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، هێشتا هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەکان نەگەیشتووەتە بەرهەم و چەند جارێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەواڵی مەترسیی بەکارهێنانی هێز بڵاوکرایەوە، بەهۆی فەرمانی دەستگیرکردن کە بۆ لاهوور شیخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی و دوو لە براکانی دەرچووە.
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دەڵێت: "بەداخەوە لە کوردستان ھاوپەیمانییەکی ستراتیژییەکی راستەقینە و پەیوەندییەکی دروست لەنێوان پارت و لایەنە سیاسییەکاندا نییە و ھەموو ئەمەش بۆ شەڕی بەرژەوەندی و ئەو ھەموو دزی و گەندەڵییە دەگەڕێتەوە کە ئەم وڵاتەی گرتۆتەوە".
مەلا بەختیار زیاتر لەبارەی گەندەڵییەوە قسە دەکات و دەڵێت: "گەندەڵی لە سەرانسەری کوردستاندا ھەیە و ھەریەک بەناوی ھێز و عەشرەتێکەوە خەریکن، تەنانەت ئەگەر بازاڕی ئازاد نەبووایە و دەیان ھەزار کەس لەبواری کاری ئەھلی کاریان نەکردایە، ھەموو سێکتەرەکان بەدەست حکومەتەوە بووایە، ئەوا خەڵک لەسەر جادەکان لەبرساندا دەمردن! بۆیە ناڕەزایەتی گەیشتووەتە لووتی خەڵک."
لەبارەی رەوشی عێراقیشەوە، مەلا بەختیار دەڵێت "بەداخەوە ھێشتا عیراق کە یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دوای 17 ساڵ لەئازادبوون لە حوکمی بەعس، گەندەڵی بەرادەیەک بەربینی گرتووە، کە تەنانەت ئاوی خواردنەوەی نییە و لەدۆخێکی تەواو خراپدایە. ئەمەش سەلمێنەری ئەو واقیعەیە کە ھێشتا ئەم وڵاتە نەیتوانیوە سەرکردەی خۆی دروستبکات و حیزبێکی راستەقینەی خەمخۆر لەم وڵاتەدا دروست نەبووە، ھەر بۆیە دەسەڵاتی باش، سیستەمی باش و دادپەروەر دروست نابێت و یاساش ناسەپێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ