رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەریی سامانی ئاژەڵ لە دهۆک دەڵێت، ساڵانە زیاتر لە 40 هەزار تۆن مریشک بەرهەم دەهێنن و 60%ـی بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق دەنێرن.
رۆژی شەممە، 09ـی ئابی 2025، رێدیر سدقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دهۆک ساڵانە ژمارەیەکی زۆر مریشکی زیندوو بەرهەم دەهێنێت، ئەو بەشەی لە پێویستیی خۆی زیاترە، هەناردەی پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراقی دەکات، بەڵام لەکاتی هەناردەکردنیدا رێگری زۆری لێدەکرێت و کۆسپی بۆ دروست دەکرێت."
نزیکەی ساڵێکە رێگە بە ناردنی مریشکی زیندوو بۆ پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق نادرێت، بیانووی حکومەتی عێراقیش بۆ ئەوە، هاوردەکردنی مریشکە بە قاچاخ لە هەرێمی کوردستانەوە.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دهۆک دەڵێت: "بەغدا بەپێی پێویستیی خۆی رێگە بە ناردنی بەرهەمەکانمان دەدات، هەندێک رۆژ زیاتر لە 50 هەزار و هەندێک رۆژیش 100 هەزار مریشکی زیندوو لە دهۆکەوە بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق دەنێردرێت".
330 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی مریشک لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن. رێدیر سدقی گوتی: "بەرهەمی ساڵانەمان 42 هەزار تۆنە و 60%ی هەناردە دەکەین".
بەپێی ئامارەکان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن، کە بەرهەمەکەیان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتە.
لە هەرێمی کوردستان 1,840 کێڵگەی پەلەوەری هەن، زۆرینەیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی، پاشان هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە، بەڵام هەموویان بەشێوەیەکی بەردەوام بەرهەمیان نییە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان بەخێو دەکرێن، کە بەرهەمەکەیان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتە، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە. ئەو بڕەی لە پێداویستیی نێوخۆ زیاتر بوو، هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ