وەزیرى سامانە سرووشتییەکان: کۆمپانیاکانی نەوت داوا دەکەن یاسای نێودەوڵەتی دادوەر بێت

08-09-2025
مالیک محەممەد
کەمال محەممەد، وەزیرى سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان.
کەمال محەممەد، وەزیرى سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، رازی بوون سۆمۆ نەوتەکە بفرۆشێت و داهاتەکەی بچێتە گەنجینەی فیدراڵی، لە بەرامبەردا بودجەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت نەک مووچە. دەشڵێت، کۆمپانیاکانی نەوت داوا دەکەن لەکاتی دروستبوونی هەر گرفتێک یاسای فەرەنسی یان بەریتانی دادوەر بێت.
 
کەمال محەممەد، وەزیرى سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، "کۆمپانیاکان یەک داواکارییان هەیە و داوای گەرەنتی پێدانی شایستەداراییەکانیان دەکەن لە کاتی خۆیدا". هۆکاری داواکارییەکەشیان وەک وەزیر باسی دەکات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پێشتر لە 25ـی 6ـی 2023 تاوەکو 30ـی 11ـی هەمان ساڵ، 11 ملیۆن و 826 هەزار بەرمیل نەوتیان رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە.
 
وەزیرى سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، لە 29ی 8ی ئەم ساڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی رازی بوو بەو داواکارییەی کۆمپانیاکان و رەشنووسی رێککەوتنێکی نارد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکان و سۆمۆ واژۆی بکەن، لە رەشنووسەکەدا هاتووە، ئەگەر ناکۆکی و گرفت یان کێشەی دارایی دروست بوو، یاسا فیدراڵییەکان دەبنە داوەر، بەڵام کۆمپانیاکان بەوە رازی نین و دەڵێن، پێویستە یاسای نێودەوڵەتی فەرەنسا یان بەریتانیا دادوەر بێت، ئەوانیش رۆژی 2ی مانگ ئەو داواکارییەی کۆمپانیاکانیان نارد بۆ بەغدا.
 
 لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە، ئەوەش لەسەر سکاڵای بەغدا. کەمال محەممەد گوتی، "پێش راگرتنی هەناردە 400 هەزار بەرمیل نەوتمان بەرهەم دەهێنا، بەڵام لەوکاتەوە 5 کۆمپانیا هەن کە یەک بەرمیلیشیان بەرهەم نەهێناوە، دوای ئەوە 230 بۆ 240 هەزار بەرهەممان بوو، پێشتر گەیشتە 280 هەزار بەرمیل، بەڵام هێرشی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەکان و بەرهەمهێنان کەم بووەوە، ئێستا کۆمپانیاکان خەریکن زەرەر و زیانەکان چاک بکەنەوە."
 
دڵنیاییشی دا لەوەی، "گرفتی گەورە لەبەردەم دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوت نەماوە. لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی رێککەوتووین لەسەر 50 هەزار بەرمیل بۆ بەرهەمی نێوخۆ، کۆمپانیاکانیش دەبێت رێژەی بەرهەمیان زیاد بکەن، ئەو 5 کۆمپانیای کاریان راگرتووە ئەگەر نەگەڕێنەوە کارکردن رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
 
لە وەڵامی ڤەژین موراد، پەیامنێری رووداو لەبارەی کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان، کەمال محەممەد گوتی،"ئێستا سێ کۆمپانیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، دوو گرێبەستی دیکەمان بۆ کوردەمیر و تۆپخانە لەگەڵ وێستێرن زاگرۆس کردووە، بۆ کێڵگەی میرانیش وەکو گاز مانگی پێنج لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی گرێبەست کراوە."
 
رۆژی 17ى تەممووز، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد و تێیدا رەشنووسی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پەسند کرد.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست دەکات بە رادەستکردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگە نەوتییەکانیدا، بە کۆمپانیای بەبازاڕی کرنی نەوت (سومۆ) بۆ هەناردەکردنی. هەروەها وەزارەتی دارایی فیدراڵی، بەپێی یاسای هەموارکردنی یاسای بودجە، 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت دەداتە کۆمپانیاکان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.