رووداو دیجیتاڵ
مەهاباد قەرەداخی، نووسەر و شاعیر لە تەمەنی 54 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
هەڵکەوت زاهیر، ئاوازدانەر لە پۆستێکدا لە فەیسبووک نووسیویەتی "بەداخەوە هەر ئێستا خاتوو مەهاباد قەرەداخی كۆچی دواییكرد، لە خوای گەورە داواكارم سەبوریی كەسوكار و دۆست و هاوڕێیانی بدات، خوالێخۆشبووش بە بەهەشتی بەرین شادبكات".
مەهاباد قەرەداخی لە 22ی کانوونی دووەمی 1966 لە ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شارۆچکەی کفری لەدایکبووە، دەگوترێت هەر لەبەر ئەوەیە ناونراوە مەهاباد.
قەرەداخی لە ساڵی 1978 و لە تەمەنی 12 ساڵی دەستی بە نووسینی شیعر کردووە. لە ئاداری 1980 یەکەمین بەرهەمی شیعری لە هەفتەنامەی هاوکاری بڵاوکراوەتەوە، لە 27ی نیسانی هەمان ساڵدا لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە لە سۆنگەی شیعری بەرگری زیندانی دەکرێت. لە ساڵی 1981 لە دادگای سەورە لە بەغدا حوکمی ساڵێک زیندانیی بەسەردا دەدرێت.
لە ساڵی 1982 لە رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان درێژە بە کاری سیاسی دەدات. لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی ناو شاردا بەناوی مەهاباد قەرەداخی شیعر و نووسینەکانی بڵاودەکردنەوە، لە گۆڤارەکانی شاخیش بەناوی خوازراوی هەتاو گەرمیانی، ژاڵە، بەردەوام، ئاڵا و ناوی دیکە بابەتی بڵاودەکرانەوە.
لە ساڵی 1984 لە پەیمانگەی تەکنیکیی کەرکووک، بەشی ژمێریاری وەردەگیرێت و لە ساڵی 1987 تەواوی دەکات.
بەشداریی لە راپەڕینی بەهاری 1991دا کردووە، ساڵی 1991 بووەتە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد، ساڵی 1992 لەگەڵ مستەفا گەرمیانی شاعیر و نووسەر هاوسەرگیری کردووە. لە ساڵی 1993 چووەتە سوێد و لەوێ نیشتەجێ بووە. ساڵی 2003 بووەتە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی سوێد.
لە ساڵی 2005 لەسەر داخوازیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە کوردستان و دەبێتە راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئافرەتان و یەکسانی.
تاوەکو ساڵی 2019 ژمارەی بەرهەمە چاپکراوەکانی دەگاتە 34 بەرهەم، کە بریتین لە کۆمەڵە شیعر، کۆمەڵە چیرۆک، رۆمان، بیرەوەری، لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی و دەروونناسی، وەرگێڕان و کتێبی پەروەردەیی.
نووسەر زمانەکانی عەرەبی، سوێدی، ئینگلیزی و تورکی و تاڕاددەیەکیش فارسی دەزانی.
مەسرور بارزانی: خاتوو مەهاباد رۆشنبیرێکی نیشتمانپەروەر و بە هەڵوێست بوو
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی مەهاباد قەرەداخی دەکات و دەڵێت، "بە داخێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی نووسەر و شاعیر خاتوو مەهاباد قەرەداخی ـم بیست. خاتوو مەهاباد، رۆشنبیرێکی نیشتمانپەروەر و بە هەڵوێست بوو. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی دەکەم. خوای گەورە گیانی بە بە هەشت شاد بکات و ئارامیش بە کەسوکار و هاوڕێیانی ببەخشێت".
رێواز فایەق: زۆر بەداخم بۆ کۆچی دوایی مەهاباد قەرەداخی
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش لە تویتێکدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی مەهاباد قەرەداخی دەکات و دەڵێت، "زۆر بە داخم بۆ کۆچی دوایی خانمە نووسەری بەناوبانگی کوردستان مەهاباد قەرەداخی، پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکار و رۆشنبیرانی کوردستان دەکەم. خوای گەورە سەبر و ئارامی بە ئازیزانی ببەخشێ و کۆچکردووش بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ