رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ناوی 1546 هاووڵاتیی سنووری مادەی 140ی دانیشتووی هەولێری بۆ وەرگرتنی گاز بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کێشەی نەبوونی کارتی گازیان چارەسەرکراوە.
رۆژی یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاگاداری ئەو هاووڵاتییانە دەکەینەوە کە مامەڵەیان بۆ وەرگرتنی کارتی ئەلیکترۆنیی گاز (مادەی 140) پێشکێش کردووە، سبەی ناوی 1546 کەس هاتووەتەوە و دەتوانن بەپێی لیستەکە گاز وەرگرن."
ئێستا دابەشکردنی گازی ماڵان بووە بە کارتی ئەلیکترۆن. لەبارەی ئەو خێزانانەی خەڵکی سنووری مادەی 140ن و کێشەی وەرگرتنی گازیان هەبووە، سالار محەممەد گوتی: "نزیکەی 15 هەزار ماڵ کارتی گازیان بۆ دروست نەکرابوو، ئەوەش کێشەی بۆ دروست کردبوون".
بۆ چارسەرکردنی کێشەکە لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتی:"بڕیارماندا بەپێی هەندێک پێداوستی گازیان پێ بدەین و تاوەکو ئێستا ناوی 10 هەزار خێزانیان تەواو بووە، بەڵام بۆ ئەوەی قەرەباڵخی دروست نەبێت، بۆ سبەی ناوی 1546 کەسمان راگەیاندووە."
بۆ وەرگرتنی گاز، پێویستە هاووڵاتییان ئەم بەڵگەنامانە لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر:
1- فۆرمی خۆراکی رەسەنی (ئەسڵی) خاوەن کارت.
2- کارتی نیشتمانیی رەسەنی خاوەن کارت.
3- کۆپیی فۆرمی خۆراک و کارتی نیشتمانی لەسەر یەک لاپەڕەی A4.
بەهۆی جەنگەوە لە 28ـی شوبات کارکردن لەکێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان وەستا، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی نرخی بوتڵێک گازی ماڵان بەشێوەی بازرگانی بەرزبێتەوە و تاوەکو ئەمڕۆش بەرهەمی کێڵگەکە نەگەیشتووەتەوە ئاستی 27ـی شوبات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ