رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونەتە هۆی وێرانبوونی 100 هەزار خانوو، زیاتر لە 20 هەزار شوێنی بازرگانی و 339 بنکەی تەندروستی.
فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026 رایگەیاند، 942 قوتابخانە لە سەرتاسەری وڵات بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیانیان بەرکەوتووە کە ئەمریکا و ئیسرائیل لەماوەی 40 رۆژدا کردیانە سەر ئێران.
موهاجیرانی روونیکردەوە، دووبارە دروستکردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان لەنێوان دوو بۆ سێ مانگی دەخایەنێت.
هەروەها گوتی، هێرشەکان بوونەتە هۆی وێرانبوونی 125 هەزار و 640 یەکەی سڤیل، کە 100 هەزار خانوو، 20 هەزار و 500 شوێنی بازرگانی و 339 بنکەی تەندروستی لەخۆدەگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت دووبارە دروستکردنەوەی یەکە سڤیلە زیانلێکەوتووەکان لە 3 بۆ 24 مانگ بخایێنێت. "ئەو هاووڵاتییانەی لە هێرشەکاندا خانووەکانیان زیانیان بەرکەوتووە، دەتوانن سوود لە قەرزی نیشتەجێبوون وەربگرن بۆ دروستکردنەوەی خانووەکانیان."
لە 28ی شوباتی رابردوو، ئیسرائیل و ئەمریکا جەنگێکیان لە دژی ئێران دەستپێکرد، کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی هەزاران کەس.
رۆژی 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی و دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران راگەیاند. سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستەکەی بە سەرکەوتنی دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد و کردنەوەی تەواو و دەستبەجێی تەنگەی هورمزەوە بەستەوە. بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە، شکستهێنانی دانوستاندنەکانی راگەیاند و گوتی: "ئەو هەڕەشەیەی پێشتر لە ئێرانم کردبوو، جێبەجێی دەکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ