پارتی و یەکێتی: پابەندین بە رێککەوتنی سیاسیی نێوانمان بۆ کۆی پرسەکان

09-11-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەپێی راگەیێندراوی هاوبەشیان، لە کۆبوونەوەکەدا تیشك خراوەتەسه‌ر بارودۆخى سیاسى به‌گشتى و ئه‌و گیروگرفتانه‌ى به‌رۆكى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانیان گرتووه‌، به‌تایبه‌تى له‌ڕووى ئابوورى و داراییه‌وه و راشیانگەیاندووە "پابەندین بە رێککەوتنی سیاسیی نێوانمان بۆ کۆی پرسەکان".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی نیشاندا بۆ پاڵپشتی و هاوکاریی سەرخستنی کاری پێکەوەیی و هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەنەکان.

بەپێی راگەیێندراوە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی "هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ پێویسته‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوى جیددى و كرده‌یى بنێن بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانى نێوانیان و هه‌موو تواناكانیان بخرێنه‌گه‌ڕ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م بارودۆخه‌ و پشتیوانیى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆ خزمه‌تكردنى هاووڵاتییان".

هەروەها هەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ ئامادەکارییەکانی حکومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دووپاتکردەوە.

یەکێتی و پارتی پابەندیی خۆیان دووپاتکردووەتەوە بە رێکكەوتنی سیاسیی نێوانیان و بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان "بۆ بەرجەستەکردنی لامەرکەزییەت لە هەرێم و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیى ھاوبەش و نەهێشتنی رۆتین لە راییکردنی کاری هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان".

پێشتر عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسی چەند تەوەرێکی گرنگ کراون، لەوانە دۆخی هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی و تەندروستییەوە، هەروەها ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان بوون، کۆبوونەوەکەیشی بە "ئەرێنی" وەسفکرد.

دەقی راگەیێندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2020/11/9 له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز بافڵ تاڵه‌بانى، هاوسه‌رۆكى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وێڕای به‌خێرهێنان و سوپاسكردنى شاندى هه‌ردوولا له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، تیشك خرایه‌ سه‌ر بارودۆخى سیاسى به‌گشتى و بارودۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و گیروگرفتانه‌ى به‌رۆكى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانیان گرتووه‌، به‌تایبه‌تى له‌ڕووى ئابوورى و داراییه‌وه‌ كه‌ به‌هۆى لێكه‌وته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆناوه‌، جیهان و عێراق و هه‌رێمى كوردستانى گرتووه‌ته‌وه‌. 

به‌ڕێزیان جه‌ختى له‌ گرنگیى كارى هاوبه‌شى نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تى نێوان پارتى و یه‌كێتى كرده‌وه‌ و ئاماده‌ییى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانى نیشان دا بۆ پاڵپشتى و هاوكاریى سه‌رخستنى كارى پێكه‌وه‌یى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان.

دواتر شاندى هه‌ردوولا گفتوگۆى ڕاشكاوانه‌ و به‌رپرسانه‌یان له‌سه‌ر كۆى پرسه‌كان كرد و دووپاتى به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌شیان به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ى سیاسى و حوكمڕانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌. هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ پێویسته‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوى جددى و كرده‌یى بنێن بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانى نێوانیان و هه‌موو تواناكانیان بخرێنه‌ گه‌ڕ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م بارودۆخه‌ و پشتیوانیى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆ خزمه‌تكردنى هاووڵاتیان.

بارودۆخى ئه‌منیى هه‌رێمى كوردستان و ڕێزگرتن له‌ قه‌واره‌ى سیاسى و ده‌ستووریى هه‌رێم ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو. هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ركى  هه‌موو لایه‌كه‌.

هه‌ردوولا پشتگیریى خۆیان بۆ ئاماده‌كارییه‌كانى حكوومه‌تى فیدراڵ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان بۆ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق دووپات كرده‌وه‌ و له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریى نێوان نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا به‌رز هه‌ڵسه‌نگێنرا و دووپاتى به‌رده‌وامیى ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ كرایه‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه‌ سیاسى و ئیدارییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا كرا، لە نێویشیاندا بابەتی لامەرکەزییەت لە هەرێمی کوردستان. هەردوولا پابەندیی خۆیان دووپات کردەوە بە ڕێکكەوتنی سیاسیی نێوانیان و بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بۆ بەرجەستەکردنی لامەرکەزییەت لە هەرێم و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریه‌تیى ھاوبەش و نەهێشتنی ڕۆتین لە ڕاییکردنی کاری هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتیەکان. لەم ڕووەوە هه‌نگاوه‌كان به‌ ئه‌رێنى هه‌ژمار كران و دووپاتى به‌رده‌وامیى كارى هاوبه‌ش بۆ جێبه‌جێكردنى ته‌واوى ڕێككه‌وتنه‌كان كرایه‌وه‌ و میكانیزمى گونجاو له‌و ڕووه‌وه‌ بڕیارى لێدرا.

له‌ كۆتاییى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دووپاتى به‌رده‌وامیى كارى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگى له‌ناو دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا كرایه‌وه‌ كه‌ ئامانج لێى خزمه‌تكردنى هاووڵاتیان و تێپه‌ڕاندنى ئه‌و بارودۆخه‌ سه‌خته‌ى سه‌ر شانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بێت.

یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان 

پارتی دیموکراتی کوردستان 

2020/11/9
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە یەکشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار دەکرێت.

خشتەی مووچەی مانگی 3؛ یەکشەممە کاژێر چەند دەتوانن مووچە وەربگرن؟

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی سێی بڵاوکردەوە و دەڵێت: یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و لەدوای کاژێر یەکی نیوەڕۆ دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن