بەرگریی شارستانی 94 خاڵی وەکو رێنوێنی بۆ دروستکردنی باڵەخانەکان هەیە

09-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە هەرێمی کوردستاندا 94 خاڵ وەکو رێنوێنی پاراستن بۆ دروستکردنی باڵەخانە هەن. دیارترینیان ئەمانەن؛ دانانی سیستمی دەنگی ئاگادارکردنەوە، دروستکردنی خەزانی گەورەی ئاو، دانانی هەواکێش بۆ هەواگۆڕکێ، دابینکردنی دەرگەکانی چوونەدەرەوەی فریادڕەسی، دانانی هەستەوەرییەکانی گەرمی، دانانی تورەکەی تایبەت بە ماسکی ئۆکسجین و دابینکردنی ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی لەلایەن خاوەن پڕۆژەکانەوە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک رێنوێنی هەن بۆ ئەو کەسانەی باڵەخانە دروست دەکەن و دەدرێنە هەموو ئەو کەسانەی باڵەخانە بۆ کەرتی تایبەت، گشتی و هاوبەش دروست دەکەن.
 
بەشێکی مەرجەکانی سەلامەتی لە کاتی دروستکردنی باڵەخانەکاندا ئەمانەی خوارەوەن:
 
- دانانی سیستمی دەنگی ئاگادارکردنەوە کە گوزارشتە بۆ رووداو.
 
- دانانی تۆپەکانی ستیلی پاودەری و هەڵواسینان لە کۆگای باڵەخانەکان.
 
- دروستکردنی خەزانی گەورەی ئاو بەپێی گەورەیی باڵەخانەکان. نابێت هیچ یەکێک لەو خەزانانە کەمتر بن لە 10 هەزار لیتر.
 
- دانانی هەواکێشەکان بۆ گۆڕینی هەوا و هەواگۆڕکێ.
 
- دیاریکردن و دابینکردنی دەرگەکانی چوونە دەرەوەی تایبەت بە فریادڕەسی.
 
- دابینکردنی ئۆتۆمبێلێکی خزمەتگوزاریی بەرگریی شارستانی بۆ کۆمەڵگە تازە و باڵەخانە گەورەکان لە دەرەوەی باڵەخانەکەدا، کە دابینکردنی دەکەوێتە ئەستۆی خاوەن پڕۆژە.
 
- دانانی کامێرای چاودێریی هەمیشەیی و بەستنەوەیان بە ژووری یەکەی سەرپەرشتیاری.
 
- دانانی هەستەوەرییەکانی گەرمی؛ دووکەڵ و گاز.
 
- دانانی بۆردەکانی سۆندەیی جێگیر لە ئاوی تایبەت بە بەرگریی شارستانی لە هەموو نهۆمێک بەپێی ئەندازەی دیاریکراو.
 
- دانان و دروستکردنی یەکەیەکی بەرگریی شارستانی کە نابێت لە شەش کەس کەمتر بن؛ بەپێی رێژەی هێزی مرۆیی دەگۆڕدرێت.
 
- دانانی تورەکەی تایبەت بە ماسکی ئۆکسجین بەگوێرەی رێژە و ژمارەی کەسەکان بۆ سوود وەرگرتن لێیان. 
 
- شوێنی گونجاو و جوگرافیای سەلامەت بۆ دروستکردنی باڵەخانەکان.
 
- هاوتاکردنی قورسایی باڵەخانەکان بە پانتایی جوگرافیا و رووبەری زەوییەکە.
 
- بەکارهێنانی کەرەستەی سەلامەت و کواڵیتی بەرز لە دروستکردنی باڵەخانەکان.
 
- بەرجەستەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و خۆپارێزی بۆ باڵەخانەکان؛ دروستکردنی ژێرزەوی لە سێ نهۆم بەرەو بەرزتر.
 
- دانانی پرژێنەری ئاو بۆ تەواوی نهۆمی باڵەخانەکان بۆ لایەنی کۆنترۆڵکاری.
 
- دانانی هینتەر بۆ تەواوی بۆردەکانی کارەبایی.
 
- دانانی کێبڵی خاڵیکردنەوەی تەزووی هەورە برووسکە بۆ رێگری لە زیانەکانی.
 
- دانانی هێماکانی ئامۆژگاری و رێنیشاندانەکان.
 
- دانانی دەرگە و پەنجەرەی گونجاو بۆ باڵەخانەکان وەک باشترین جۆری سەلامەت و دڵنیابوونەوە.
 
- بەرجەستەکردنی دەرگای دژە ئاگر و بەهێز.
 
- دروستکردنی خاڵی کۆبوونەوە لە دەرەوەی باڵەخانەکان وەکو خاڵی سەلامەت.
 
- دانانی خاڵەکانی دەستلێدانی ئاگادارکردنەوە و جێگیرکردنیان لە دیوارەکان.
 
- دانانی جانتاکانی فریاگوزاری خێرای تەندروستی بەپێی دابەشکارییان لەنێو باڵەخانەکان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان.
 
- دروستکردنی ژوورێکی تایبەت بە یەکەی بەرگریی شارستانی و کەلوپەلەکان.
 
- دانانی ئامێرە ئۆتۆماتیکییەکانی کۆنترۆڵکاری وەک کەرەستەی کۆنترۆڵکاری .
 
- دانانی کەرەستەی پاراستنی کەسی بۆ سوودوەرگرتن لە کاتی درووستبوونی رووداو.
 
- جێگیرکردنی نەخشەی باڵەخانەکان لە دەرەوەی باڵەخانەکان.
 
- دروستکردنی باڵکۆنەکان بۆ بابەتی خۆڕزگارکردن.
 
- دابڕینی مەڕمەڕەکان بە ئەندازەی 18 مەتر، کەمتر لەوەش بەشێوەی ئەندازەیی.
 
- گرنگیدان بە رووناکی پێویست بۆ رادەی بینی بەرچاو روونییەکان بەبێ سەرچاوەی کارپێکردنی کارەبا.
 
- بوونی دەمی ئاو، واتا فوهەی تایبەت بە بەرگریی شارستانی.
 
- پانی و بەرزی دەروازەی سەرەکی بۆ چوونە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلە گەورەکانی خزمەتگوزاریی بەرگریی شارستانی.
 
- دروستکردنی ( هێڵی پات) واتە جوگرافیا و خاڵی نیشتنەوەی فڕۆکەی پەروانەدار بۆ کاتی فریاگوزاری.
 
- بەرجەستەکردنی بۆکسی گەورەی تایبەت بە کەرەستە و ئامێرە تایبەتییەکانی بەرگریی شارستانی.
 
- ژمارەی تەلەفۆنی تایبەت بە یەکەی سەلامەتی باڵەخانەکان.
 
- چرای رووناکی بۆ ئەو کەسانەی هەست بە ئامرازی بیستن ناکەن، کە گوزارشتە بۆ بوونی رووداو.
 
- مەلوولەی ئاوی پێویست لە بەشەکانی باڵەخانەدا.
 
- گرنگیدان بە لایەنی سیستمی LPG لە باڵەخانەکان.
 
- دیاریکردنی کەسێکی شیاو بۆ سەرپەرشتیکردنی یەکەی بەرگریی شارستانی.
 
- دیاریکردن و دانانی خەزانەکانی سووتەمەنی لە شوێنی گونجاو و جێگردنەوەیان بەشێوەی سەلامەت.
 
- بەرجەستەکردنی ئامێرە دژبەرە دەستییەکان بە پێی پۆل و مادە جیاوازەکانی سووتەمەنی و ئاگرەکان وەکو فۆم و پاودەر.
 
- گرنگیدان بە لایەنی کارەبایی و کەرەستەکانیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە