رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت.
ئەمڕۆ شەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2023، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پەیامێکی لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "خەمبارین بە بیستنی هەواڵی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سۆران لە هەولێر- عێراق کە بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، "هیواخوازین خودای گەورە لە گیانلەدەستدراوان خۆش بێت و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاریان و گەلی عێراق دەکەین. هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین."
شەوی هەینی 08-12-2023، کاژێر 08:15 ئاگر لە باڵەخانەیەک لەسەر رێگەی سەرەکی سۆران - چۆمان لە گەڕەکی جووندیانی سۆران کەوتەوە.
ئەمڕۆ شەممە کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، گوتی، لە ئەنجامی رووداوەکە 21 کەس گەیێندرانە نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکانی قەزای ناوەندیی سۆران کە 14 کەس لەوان گیانیان لەدەستدا و لەو ژمارەیەش نۆ کەسیان پیاون و پێنج کەسەکەی دیکە ژنن.
لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارانی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران، دکتۆر کامەران رایگەیاند، تەنیا دوو کەس لە برینداران لە نەخۆشخانەدا ماون کە لە ژێر چاودێریی چڕدان و ئێستا باری تەندروستییان جێگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ