بارانبارین لە هەرێمی کوردستان؛ لە هەندێک ناوچە زیاتر و هەندێک ناوچەش نیوەی پار باریوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ دەڵێت، ئەم شەپۆلە بارانە سوودی زۆر دەبێت، بەڵام تاوەکو نێوەڕاستی مانگی داهاتوو، هێشتا پێویستمان بە چەند شەپۆلێکی دیکەی بارانە. شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، "هیچ ترسێکی وشکەساڵی نەماوە."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، د. شاخەوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری بەشی کەشناسیی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم نەرمە بارانە وایکردووە ئەو ناوچانەی تێیاندا پەڵەی نەدابوو، هیوایەکی گەورە هەبێت بۆ پەڵەدان تێیاندا و مەترسییەکانی قۆناخی چاندن نەمێنێ."
 
د. شاخەوان دەڵێت، "بۆ قۆناخی دواتر کە گەشەی تۆوەکانە، تاوەکو نێوەڕاستی مانگی یەک پێویستیمان بە دوو بۆ سێ شەپۆلی دیکەی بارانبارینە."
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو 8ی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی پار، رێژەی بارانبارین لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئیدارەی سەربەخۆکانی راپەڕین و سۆران لە پار زیاتر بووە، لەکاتێکدا لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمتر بووە لە پار.
 
ئاماری بارانبارینی ئەم ساڵ بەراورد بە پار:
 
سلێمانی
 
ئەم ساڵ: 74.7 میلیمەتر
پار: 140.3 میلیمەتر
 
هەولێر
 
ئەم ساڵ:  41.4 میلیمەتر
پار: 37.2 میلیمەتر
 
راپەڕین
 
ئەم ساڵ: 92.75 میلیمەتر
پار: 66.13 میلیمەتر
 
گەرمیان
 
ئەم ساڵ: 66.95 میلیمەتر
پار: 84.4 میلیمەتر
 
سۆران
 
ئەم ساڵ: 95.7 میلیمەتر
پار: 92.9 میلیمەتر
 
هەڵەبجە
 
ئەم ساڵ: 79.14 میلیمەتر
پار: 213.92 میلیمەتر
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، "پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ بەگشتی بارانبارین لە پار باشتر بێت و هیچ ترسێکی وشکەساڵی نەماوە."
 
گوتیشی، "پێشبینییەکان بەو شێوەیەن لە مانگی یەک و دووی ساڵی داهاتووشدا بەهۆی چالاکییەکانی دەریای سوور و دەریای نێوەڕاست، چەند شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین روو لە ناوچەکانمان بکەن."
 
ئەو شارەزا کەشناسییە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر رێژەی بارانبارین تاوەکو ئێستا لە هەندێک شوێن لە پار کەمتریش بێت، ئەوا کێشە نابێت، چونکە بارانبارینی ئەم ساڵ بە هاوسەنگی و یەکسانی بەگوێرەی مانگەکان باریوە و لەمانگەکانی داهاتووش پێشبینی دەکرێت بارانبارینەکە بەهەمان شێوە بێت."
 
چ کاتێک پەڵە دەدات؟
 
بە شێوە زانستییەکەی پەڵە بەو شێوازە دیاریکراوە 'خاکەکە بەهۆی بارانبارینەوە بە قووڵایی 20 بۆ 30 سانتیمەتر تەڕ ببێت.'
 
جووتیارانیش پەڵەدانیان بەو شێوەیە دیاریکردووە کە "ئەوەندە باران باری بێت لەکاتی کێڵانی زەویدا بە قووڵایی ئەو شوێنەی دەمی گاسنی پێدەگات و هەڵدەگێڕدرێتەوە، خاکەکە تەڕ بووبێت."
 
مەرج نییە بارانی بەلێزمەی لەناکاو ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە دەکرێت نەچێتە نێو خاک و تەنیا لەسەر زەوی بمێنێتەوە یان بڕوات. بەگشتیش دەکرێت بارینی بەخوڕی هێواش لەنێوان 12 بۆ 20 کاژێر ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە ئەو کاتە خاک زۆرینەی ئاوی بارانەکە هەڵدەمژێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارینی بەفر ئاستەنگی بۆ دروستکردوون بەڵام دڵخۆشن بە بارینی.

شەپۆلێکی بەفربارین چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە

ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، شارۆچکەی سەلیمییە لە پارێزگای قەرس، شەوی رابردوو رێگەی 8 گوند کرایەوە و دوو ئۆتۆمبێلیش کە گیریان خواردبوو، رزگارکران.