رووداو دیجیتاڵ
لافاو چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی زۆری مادیش بە هاونیشتمانییان گەیشتووە.
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، هەردووکیان دانیشتووی ناحیەی شۆڕشی چەمچەماڵ بوون."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان گوتی، "یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە پیاوێکە تەمەنی 70 ساڵە و دیواری بەسەردا رووخاوە، قوربانییەکەی دیکەش کچێکی 24 ساڵە و بەهۆی لافاوەوە خنکاوە."
ناو و تەمەنی دوو خنكاوەكەی چەمچەماڵ
عومەر سەعید ئەمین
لەدایكبووی 1953
دانیشتووی ناحیەی شۆڕش
بۆكان بەشارەت شەریف
لەدایكبووی 2003
دانیشتووی ناحیەی شۆڕش
لەبارەی زیانی مادی سەرکەوت کاڕەش دەڵێت، "لافاوەکە زیانێکی زۆری مادی بە ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانییانی سنووری کەرکووک و سلێمانی گەیاندووە، بەڵام شەپۆلەکە لە هەولێر و دهۆک لاوازترە و هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو تۆمار نەکراوە."
بەوەش کرد، "سەرجەم کارمەندانی بەرگریی شارستانی کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەییەوە بۆ رزگارکردنی گیانی ئەو هاووڵاتییانەی پێویستییان بە هاوکاری و بەهاناوەچوونە."
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی 35-45 مللیمەتر باران ببارێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ