رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە، تەواوی هێزەکانیان خستووەتە دۆخی ئامادەییەوە. ئاشکراشی دەکات، دانانی سیستمی گازی ماڵان LPG بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی بەرگریی شارستانییە و هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت بەبێ مۆڵەت و رەزامەندی ئەوان سیستمەکە بۆ خەڵک دابنێت.
موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "لەسەر بنەمای پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، لە رۆژی یەکشەممەوە سەرجەم هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەییەوە."
سەبارەت بە مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو و رووداوی نەخوازراو بەهۆی ئەم شەپۆلە بارانەوە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هۆشداریدا لە دروستبوونی لافاو و داڕمانی بەرد لە ناوچە شاخاوییەکان، بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بێخاڵ، داواشی لە هاونیشتمانیان کرد لەکاتی هەر رووداوێکدا پەیوەندی بە ژمارە (115)ـەوە بکەن کە هێڵی گەرمی سەرجەم پارێزگاکانە.
"سێ ئۆتۆمبێل بە نزیکەی 7 ملیۆن یۆرۆ"
لەسەر ئاستی ئامادەکارییە لۆجستییەکان، موقەدەم سەرکەوت کاڕەش بە رووداوی گوت: "لەمساڵدا سێ ئۆتۆمبێلی گەورەی پەیژەدار (Platform) کە دەگەنە بەرزایی 100 مەتر و بۆ باڵەخانە بەرزەکان بەکاردێن، بە بەهای شەش ملیۆن و 750 هەزار یۆرۆ بۆ هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابینکراون."
گوتەبێژەکەی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 120 ئۆتۆمبێلی قەبارە بچووک (پیکاب میکزەمینی) دابەشکراون بۆ ئەوەی بتوانن بچنە نێو کۆڵانە تەسکەکان و ناوچە شاخاوییەکان، جگە لەوەش لەماوەی رابردوودا تیمێکی فەرەنسی راهێنانی تایبەتیان بە کارمەندانیان کردووە بۆ رزگارکردن لەکاتی لافاودا.
رێکاری تووند بۆ سیستەمی گازی شلی (LPG)
لە دوو ساڵی رابردوودا دوو رووداوی دڵتەزێن بەهۆی لێچوونی غاز و تەقینی سیستمی غازی ماڵان لە سلێمانی و دهۆک روویاندا و چەندین هاونیشتمانی بوونە قوربانی. لەدوای ئەو رووداوانە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری شارستان رێنمایی توندیان بۆ دانانی ئەو سیستمە دانا.
سەبارەت بە سیستەمی غازی شلی (LPG)، موقەدەم سەرکەوت کاڕەش رایگەیاند، ئێستا ئەو بابەتە لەژێر کۆنترۆڵی تووندی حکومەت و بەرگری شارستانیدایە و "هیچ کۆمپانیایەک بۆی نییە بەبێ رەزامەندی ئەوان سیستەمی دابنێت بۆ ماڵان یان کۆمپانیای و شوێنە گشتیی و تایبەتەکان."
گوتیشی: "رێگە بە هیچ هاونیشتمانییەک نادرێت لە ماڵەکەیدا تانکیی غازەکەی لە 1000 لیتر گەورەتر بێت، ساڵانەش دەبێت پشکنینی سەلامەتی بۆ سیستەمەکە و تەواوی بەشەکانی بکرێت."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەرگری شارستانی، لە ساڵی 2025دا تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 هەزار رووداوی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە بە گوتەی موقەدەم سەرکەوت، بەراورد بە ساڵانی رابردوو کە 13 هەزار و 852 رووداو بووە، رێژەکە لە ئەمساڵدا رووی لە دابەزین کردووە و نزیکەی 10 هەزار رووداوی جۆراوجۆرن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ