رووداو دیجیتاڵ
بارەگای بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و کەرکووک دەکات و داوا لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات بە زووترین کات بە هانای لێقەوماوانەوە بچن.
ئەمڕۆ سێشەممە (9-12-2025) بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بەداخێکی زۆرەوە لە ئەنجامی بارانبارینی زۆر و لافاوەوە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لەیلان لە کەرکووک سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون."
بارەگای بارزانی وێڕای ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانییان و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران، داوایەک ئاراستەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات.
بارەگای بارزانی داوا لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات "بە زووترین کات بە هانای لێقەوماوان و زیانلێکەوتووانی ئەو رووداوە بچن و ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ یارمەتیدانیان ئەنجام بدەن."
دەقی راگەیێندراوەکە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەداخێكی زۆرەوە لە ئەنجامی بارانبارینی زۆر و لافاوەوە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لەیلان لە كەركووک، سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون، پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری قوربانیان دەكەین و لە خودای گەورە داواكارین گیانی خوالێخۆشبوان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە كەسوكاریان ببەخشێت و هەروەها هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین.
داواش لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین كە بە زووترین كات بە هانای لێقەوماوان و زیانلێكەوتوانی ئەو رووداوە بچن و ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ یارمەتیدانیان ئەنجام بدەن.
بارەگای بارزانی
9ی كانوونی یەكەمی 2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ