رووداو دیجیتاڵ
ئاماری بارانبارینی سەنتەری پارێزگاکانی باشووری کوردستان لە 24 کاژێری رابردوودا بڵاوکرایەوە، کە زۆرترین بڕ لە سلێمانی باریوە، پاشان هەڵەبجە، کەرکووک، هەولێر و دهۆک. کەشناسێکیش دەڵێ، سبەی بارانی "زۆر بەهێز" لە چەند ناوچەیەک دەبارێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: "بارانبارین بەردەوام دەبێت لەسەرجەم ناوچەکان. لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بارانی مامناوەند دەبارێت و دابارین بەشێوەی لێزمە بارانی پچڕ پچڕ و هەندێ کات نمەباران دەبێ. لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بارانی بەخوڕ دەبارێت".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ناوچەکە، ئەمڕۆ "بەهۆی بارانی بەلێزمەوە ئاستی ئاو بەرز ببێتەوە".
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی دەڵێت: "لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نمەبارانی پچڕ پچڕ دەبارێ و لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەند دەبارێت. لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین هەندێ کات لێزمە باران دەبارێ تاوەکو کاتەکانی نیوەڕۆ".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماری بارانبارینی 24 کاژێری رابردووی بڵاوکردەوە کە بەمشێوەیە بووە:
هەولێر: 25.6 ملیمەتر
سلێمانی: 61.3 ملیمەتر
دهۆک: 23.6 ملیمەتر
هەڵەبجە: 54 ملیمەتر
کەرکووک: 39.4 ملیمەتر
هەرچەندە سەرەتا پێشبینی دەکرا چوارشەممە دوایین رۆژی ئەم شەپۆلەی بارانبارین بێ کە لە یەکشەممەوە باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، بەڵام کەشناسێک دەڵێ، هەینی و شەممەش لە چەند ناوچەیەک باران دەبارێت.
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشوهەوا ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی نەوەک کۆتایی شەپۆلەکە نابێت، بەڵکو لە سنووری سلێمانی، گەرمیان، کەرکووک و ئیدارەی راپەڕین بارانی زۆر بەهێز دەبارێت".
لەبارەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیشەوە لوقمان موفتی گوتی: "سبەی لە هەولێر و دهۆکیش بارانبارین بەشێوەی ناوبەناو بەردەوام دەبێت، بەڵام وەکو ناوچەکانی دیکە بەهێز نابێت".
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا گوتیشی: "ئەمڕۆش لە تەواوی هەرێمی کوردستان بارانبارین بەردەوام دەبێت، بەڵام بارانەکە ناوبەناو دەبێت".
موفتی ئاماژەی بەوەشکرد، لە پێنجشەممەوە شەپۆلەکە لاواز دەبێ و هەینی و شەممەش ئەگەری بارانبارین لە چەند ناوچەیەک دەبێت، بەڵام بەلاوازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ